وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: وادەی ناو تۆمارکردن بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون درێژناکرێتەوە

یەکەی نیشتەجێبوون
یەکەی نیشتەجێبوون

K24 - هەولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت، کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەکانی نیشتەجێبوون کۆتاییهاتووە و درێژناکرێتەوە.

ئەمڕۆ 1ـی شوباتی 2024، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئێستادا لینکی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان داخراوە و درێژ ناکرێتەوە، دوا مۆڵەت دوێنی بوو بۆ کرێنشینان و ئەوانەشی بەهەڵە پڕیان کردبۆوە.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە: "بەهەڵە پڕکردنەوەی لینک نییە، بەڵکو خەڵکانێک هەبووە بەس خۆی تۆمار کردووە، سەردانی لینکەکەی کردووە کە زانیویەتی مەرجەکان نایگرێتەوە وازی لێهێناوە و نزیکەی 22 هەزار و500 کەس بەتەواوی فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە و ناویان تۆمارکردووە".

ئەو گوتەبێژە گوتیشی، قۆناغی دووەم؛ بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە کە زانیارییەکانیان پڕکردووەتەوە زانیاری دروستیان نەداوە، بۆ نموونە؛ هاووڵاتییەک موڵکی هەیە  و وسوودمەندە لە حکومەت، جارێکی دیکە هاتووە ئەو لینکەی پڕکردووەتەوە، ئەوانە لەلایەن تاپۆ و هەندێک شوێنی دیکە وردەکاری دەوێ، بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییەی کە 100% پێویستییان بە یەکەی نیشتەجێبوونە و سوودمەند نەبووە لە حکومەت وەریبگرێت.

مەریوان مەلا راشیگەیاند، لە قۆناغی سێیەمیش تیروپشک بۆ یەکەکان دەکرێت و یەکەکان دەدرێت بە هاووڵاتییان.