شەڕی سوودان 19 ملیۆن منداڵی لە قوتابخانە دابڕاندووە

شەڕی سوودان 8 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و 19 ملیۆن منداڵیشی لە قوتابخانە دابڕاندووە
شەڕی سوودان 8 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و 19 ملیۆن منداڵیشی لە قوتابخانە دابڕاندووە

K24 - هەولێر

نزیکەی 10 مانگە شەڕی ناوخۆ لە سوودان بەردەوامە. شەڕەکە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 19 ملیۆن منداڵیشی لە قوتابخانە دابڕاندووە.

شەڕی ناوخۆ لە سوودان تا ئێستا بەردەوامە و دۆخێکی کارەساتباری مرۆیی بە تایبەتی بۆ منداڵان لە وڵاتەکە دروستکردووە. کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک هەشت ملیۆن کەس لە سوودان ئاوارەبوونە.

فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گوتی: "لە نیسانی 2023ـەوە واتا کەمتر لە ساڵێک، هەشت ملیۆن کەس لە سوودان ماڵوحاڵییان جێهێشتووە، زۆرینەیان لە ناو سوودان ئاوارەبوونە، بەڵام لە دەرەوەش زیاد دەکات و زیاتر لە ملیۆن و نیوێک روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە."

بەگوێرەی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، شەڕ لە سوودان هەڕەشەی لەسەر ئایندەی 24 ملیۆن منداڵی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

بەهۆی شەڕی ناوخۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار منداڵ ئاوارەبوونە، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 400 منداڵ ئاوی خواردنەوەیان دەستناکەوێت و پێنج ملیۆن منداڵ لە سوودان لە ناوچەکانی شەڕ گیریان خواردووە. زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ بەدەست کەمخۆراکییەوە دەناڵێنن.

هەروەها 19 ملیۆن منداڵ لە سوودان لە قوتابخانە دابڕاون، بەلایەنی کەمەوە 10 هەزار و 400 قوتابخانە لەو وڵاتە داخراون.

هاوکات پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوودان، حەوت ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە دابڕابوون، بەمەش سوودان لەرووی خوێندن و پەروەردەوە یەکێکە لە قەیراناویترین وڵات لە جیهاندا