سەرۆکی کۆڵۆمبیا داوای ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە دەکات

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆڵۆمبیا، پێشنیاری کردووە لە رێگەی لیژنەیەکی ئاشتییەوە ئەو بارمتە گیراوانە لە غەززە ئازاد بکرێن، هەروەها دەشلێت: دەبێت ئێمە بەو ئاراستەوە هەنگاو بنێین.

گوستاڤۆ پیترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە نامەیەکدا گوتی: "لە پێناو ئامانجێکی روون، کە پێم وایە ئەوە ئەولەویەتێکە بۆ ئەوەی بە خێرایی هەنگاو بنێین بەرەو راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان".

پیترۆ، یەکەم سەرۆکی چەپڕەوە لە مێژووی کۆڵۆمبیا، بە ئاشکرا پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین دەکات و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" لە کەرتی غەززە.

سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە وەڵامی نامەیەکی تایبەتیدا کە لە 11ـی مانگی یەک، لە ناتانیاهۆوە پێی گەیشتووە گوتی: "پێشنیاری ئەوە دەکەم کە ئێمە بەرەو پێشەوە بڕۆین بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئاشتی کە لە وڵاتانی جیاواز پێکهاتووە بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردن و بەدیهێنانی ئامانجی فراوانتر بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین".

لە نامەکەدا کە لەلایەن رۆژنامەیەکی کۆڵۆمبییەوە بڵاوکرایەوە و باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردەوە، کە پیترۆ داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە گیراوانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.

لە پێشنیاری نێوەندگیرییەکەیدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەی کردووە، کە یەکێک بوو لە پاڵەوانەکان، کاتێک خۆی و چەکدارانی دیکەی بزووتنەوەی چەپی رادیکاڵی ئێم-19 چەکیان دانا لە ساڵی 1990.

پیترۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو نموونەیەکی سەرکەوتوو بوو لە ئاشتەوایی و بنیاتنانی شارستانی، هەمان ئەو هەوڵ و پابەندبوونەش وای لێکرد بچێتە نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک پێشنیاری کۆنفرانسی ئاشتی لەسەر فەڵەستین و کۆنفرانسێکی دیکەی کرد لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە".

کۆڵۆمبیا پشتیوانی لە سکاڵاکەی باشووری ئەفریقا کرد دژی ئیسرائیل، لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەگەری پێشێلکردنی پەیماننامەی ساڵی 1948 لەسەر رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید.

لەوکاتەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، زیاتر لە 240 بارمتەی دەستگیرکرد، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستێک لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 100 بارمتەی ئازاد کرد.