وەزیری بەرگری هۆڵەندا داوا دەکات ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت

K24 – هەولێر

وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا لە سەر دۆخی شەڕی غەززەو ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوە و لە پەراوێزی گفتووگۆکاندا پەیامنێری کوردستان24 پرسیاری مەترسیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی لە وەزیری بەرگری هۆڵەندا کرد، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو کرایە سەر هەولێر و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهید و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوو. وەزیری بەرگری هۆڵەندا لە وەڵامی کوردستان24دا رایگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق دژی ئەو هێرشانە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و داواشی لە ئێران کرد، هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت.

کاسا ئۆلۆنگرێن - وەزیری بەرگری هۆڵەندا

"هێزەکانی هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراقن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بێگومان هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر نیگەرانین، بەتوندی داوا لە ئێران دەکەین ئەو هێرشانە رابگرن.

پێویستە ئێران هێرشەکانی رابگرێت و حکومەتی عێراقیش رێکار بگرێتەنەر".

هەروەها سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری بەرگری بەلجیکا رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لودیڤین دیدۆندەر- وەزیری بەرگری بەلجیکا

"هاوبەشەکانمان لە ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئانگارییەکای پەیوەست بە ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەیان. روونە پابەندییەکی هاوبەش بۆ ئاشتی و سەقامگیری پرسی سەقامگیری گفتوگۆکانمان دەبن."

هەر دەربارەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ئەوروپا، جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا نیگەرانی خۆیی لە ئاڵۆزییەکان و شڵەژانی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی.

جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

"نیگەرانین سەبارەت بەدۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم کۆبوونەوەیەدا دروستکردنی هێزێکی دەریایی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە میلیشیا حووسییەکان بڕیاری لێدەدرێت".

وەزیرانی بەرگری ئەوروپا لە ھەوڵدان بۆ پێكھێنانی ھاوپەیامنێتییەكی سەربازی بۆ ئەوەی ئەركی پاراستنی جووڵەی كەشتییەكان لە دەریا سوور بگرنە ئەستۆ، بەڵام نیازیان نییە لە هیچ شەڕێک لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشداربن.

لەدوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی سوپای ئیسرئیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای ناوەڕاست و گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا چڕکردەوە، بەڵام لە دوای هێرشە درۆنییەکەی 28ی ئەم مانگە بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە بنکەی تاوەر 22 لە سێگۆشەی سنووری عێراق، ئوردن و سووریا کە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوو، ئەمەریکا لە ئاستی باڵا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە حزبوڵڵای عێراقی کرد و رایانگەیاند، حزبوڵڵا لە ژێر فشاری ئێران و بەرپرسانی شیعەی عێراق ناچاربوون هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا رابگرن.