وەزارەتی ناوخۆی عێراق: چەکی پارتە سیاسییەکان تۆمار دەکەین

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

K24 - هەولێر

بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، دەست بە کڕینی چەکی سووک لە هاووڵاتییان دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، چەکی پارتە سیاسییەکانیش بە فەرمی تۆمار دەکەن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەرانبەر بڕێک پارە، چەکی سووک لە هاووڵاتییان دەکڕێت، هەرچەندە هەوڵەکە کارێکی تازە نییە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "دەمانەوێت چەکی پارتە سیاسییەکانیش بە فەرمی تۆمار بکەین."

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "هەر چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، بەگوێرەی یاسای مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، هەموو شتێکمان لەبەرچاو گرتووە. ئەو هێزانەی باسیش دەکرێن بەشێکن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، سەرۆکوەزیران رایی خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە، هیچ ئاستەنگێک نییە و ئەو لایەنانەش ژمارەی چەکەکانیان پێداوین".

هەڵمەتەکەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت، گرووپە چەکدارەکان چەکی قورس بەکاردەهێنن و هێرش دەکەنە سەر بنکە و پێگەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئامانجێکی دیکەی هەڵمەتەکەش کەمکردنەوەی ململانێی خێڵەکانە لە باشووری عێراق. بۆیە سەرۆک خێلەکان داوایانکردووە، قۆناغی سەرەتا چەکی قورس و مامناوەند بگرێتەوە.

محەمەد ئەلمەرهوود، شێخی عەشیرەتی ئەنباریین دەڵێت، "پێویستە چەکی قورس وەربگیرێتەوە، چونکە چیتر پێویست نییە ئەو جۆرە چەکانە لەدەست خێڵەکاندا بێت. چەکی قورس هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی عێراق، بۆیە دواکارین وەک چۆن حکومەت داوای چەکی سووکی کردووە، چەکی قورسیش لە خێڵ و لایەنەکانی دیکەش وەربگرێتەوە".

شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی چەک لە رێگەی کڕینەوەی لە هاووڵاتییانەوە شکست دەهێنێت، چونکە تەنیا چەکی سووک دەگرێتەوە، لە کاتێکدا چەکی قورس و مامناوەندیش لەدەست خێلەکانە، ئەمە جگە لەوەی گرووپە چەکدارەکان جۆرەها چەکیان هەیە و لە هێرشەکانیان بۆ سەر هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامن.