سوپای پاسداران گەورە بەرپرس و راوێژکارەکانی لە سووریا کەمدەکاتەوە

K24 - هەولێر

ئێران نیگەرانی خۆیی لە بارەی دزەپێکردنی زانیاریی و ئاشکرابوونی شوێنی مانەوەی راوێژکارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا و ناو سوپای ئەو وڵاتە گەیاندووەتە دیمەشق، هەروەها لە ترسی بە ئامانجگیرانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە، راوێژکار و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی لە سووریا کەم کردووەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئێران بڕیاریداوە ژمارەی بەرپرسانی خۆی لە سووریا کەم بکاتەوە، لە سەر رۆشنایی ئەو بڕیارەش سوپای پاسداران ژمارەیەک لە راوێژکارە سەربازییەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بڕیارەکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هێرشی مووشەکیی و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سووریا، کە گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج. بۆیە تاران ناچاربووە ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی لە سووریا ماون، بۆ شوێنی نەزانراو بگوازێتەوە و بیانشارێتەوە.

هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە حکومەتی سووریا، کە چۆن زانیاریی بەرپرسانی ئێرانی لە ناو هێزەکانی سوپای سووریا دزەی پێکراوە و دەکرێنە ئامانج.

بڕیارەکەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە 20ی مانگی رابردوو لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە گەڕەکی مەزە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا پێنج گەورە راوێژکاری سوپای پاسداران کوژران، کە یەكێکیان یاریدەدەری هەواڵگری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو.