ئێران: ئەمەریکا هێرش بکات وەڵامی توندمان دەبێت

ئاڵای ئێران و ئەمەریکا
ئاڵای ئێران و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بە ئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، دەڵێت، ئەمەریکا هێرش بکات، وەڵامی توندیان دەبێت.

هەرچەندە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق هێرشەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا هەڵپەسارد، بەڵام پێناچێت ئەمەریکا بەوەندە قایلبێت و هیچ متمانەیەکی بە حزبوڵڵای عێراق نییە.

رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە له‌سه‌ر سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئێستا ئەمەریکا نەک تەنیا حزبوڵڵای عێراق، بەڵکوو تەواوی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانیان و کوشتنی سێ سەربازەکەیان لە ئوردن.

سەرنجی ئیدارەی بایدن لەسەر تۆڵەسەندنەوەیە، لەبەرامبەر خوێنی ئەو سێ سەربازەی لە ئوردن کوژران. جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی، بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا و وەڵامی توندیان دەبێت.

 حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە وەڵامی جۆو بایدن هۆشداریدا، ئەگەر ئەمەریکا هێرشبکات دەستبەجێ وەڵامیان دەبێت. گوتیشی، کۆتاییهێنان به کۆمەڵکوژی له غەززە، تاکە رێگەی دەربازبوون له قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە.

هەموو ئەم هێرش و ململانێیانەش دەرئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی نییە و دیاریش نییە پریشی ئەم ئاگرە کەی و لە کوێی دیکە کڵپە دەکات.