حوسییەکان خراپی دۆخی دارایی بۆ چەکدارکردنی منداڵان دەقۆزنەوە

چەکدارانی حوسییەکان
چەکدارانی حوسییەکان

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "زە ​​تێلێگراف"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، گرووپی حوسییەکان کە لە ئەمەریکا وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێنکراون، بەردەوامن لە دامەزراندنی منداڵان و ناچاریان دەکەن لە ریزەکانیدا شەڕ بکەن، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە خراپی باری دارایی خێزانەکانیان.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونسێف" رایگەیاند، لە ساڵی 2015 تاوەکو ساڵی 2022، سێ هەزار و 995 حاڵەتی دامەزراندنی منداڵان هەبووە لە یەمەن بۆ شەڕکردن. کە پێدەچێت ژمارەکان زۆر زیاتر بن.

روانگەی مافی مرۆڤی یۆرۆ- دەریای ناوەڕاست، مەزەندە دەکات زیاتر لە 10 هەزار منداڵ بە زۆرەملێ دامەزرێندراون بۆ شەڕکردن، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە هەندێک منداڵی تەمەن حەفت ساڵانیش ناچار دەکرێن چەک پاک بکەنەوە.

بەڕێوەبەری رێکخراوی "میۆن" بۆ مافەکانی مرۆڤ، عەبدە ئەلحوزەیفی، رایگەیاند، "حوسیەکان ئەو بارودۆخە ترسناکەی ژیانیان قۆستۆتەوه کە لەلایەن ئەو خێزانانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەژین، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن منداڵەکانیان بنێرن بۆ بەرەی شەڕ"، گوتیشی: "منداڵانی دامەزراو سەرەتا خولی بیروباوەڕ لە کەمپەکانی هاوینەدا وەردەگرن پاشان دەگوازرێنەوە بۆ مەشقی سەربازی و کەمپەکانی شەڕ، بۆ ئەوەی راهێنان لەسەر جۆرە جیاوازەکانی چەک وەربگرن".

رێکخراوی میۆن لە راپۆرتێکیدا بەناونیشانی "جەنگاوەرانی منداڵ"، پێشێلکارییەکانی دامەزراندنی منداڵان و بەکارهێنانیان وەک سەرباز لە شەڕی چەکداری لە یەمەن، دۆکیۆمێنت کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوو هەزار و 233 منداڵی سەرباز کە راستەوخۆ لە شەڕی چەکداریدا لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بەکارهێنراون" دەشڵێت: ژمارەی ئەو منداڵانەی کە پشتڕاستکراونەتەوە کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە کە لە بەرەکانی پێشەوە دامەزراون، گەیشتووەتە دوو هەزار و 209 منداڵ.

لە راپۆرتەکەدا، کوژرانی هەزار و 309 منداڵ و برینداربوون و بڕینی جەستەی 351 منداڵی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، تەمەنی منداڵەکان لە نێوان 16 بۆ 17 ساڵی دانە.

رێکخراوەکە دامەزراندنی 25 منداڵی سەر بە خێزانە کۆچبەرە ئەفریقییەکانی دۆکیۆمێنت کردووە، کە چوار منداڵیان لە "سەنعا و حجە" پشتڕاستکراوەتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بەناوی "ئەیمەن"، رایگەیاندووە، چووەتە کەمپێکی هاوینە لە دەرەوەی شاری حودەیدەی کەنار دەریا، ئەمەش دوای ئەوەی خێزانەکەی ئۆفەرێکیان وەرگرتووە ئەویش بەشەخۆراکی مانگێک یان زیاترە.

راشیگەیاند، خێزانەکە بەڵێنیان وەرگرتبوو کە کوڕەکەیان خوێندن تەواو بکات، بەڵام زۆری نەخایاند ئەو منداڵە لەگەڵ هاوڕێکانی مەشق و راهێنانی دەکرد بۆ بەکارهێنانی هەندێک جۆری چەک بۆ ماوەی 40 رۆژ.

گرووپی حوسییەکان بە بیانووی پشتیوانی لە حەماس لە شەڕی دژی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەوڵ دەدەن کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور بکەنە ئامانج.

حوسییەکان رایانگەیاند کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە ئەم هێرشانە رادەگرن، هەروەها رێگە بە هاتنە ناوەوەی یارمەتییەکان دەدەن بۆ کەرتی فەڵەستین.