سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ کوردستان24: پەیوەندییەکی زۆر بە‌هێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی هەیە

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر بەهێزە و دیدارەکەیان لە داڤۆس زۆر دۆستانە بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-02-2024، بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەكێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا؛ مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەندییەکی دوولایەنی زۆر بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. گوتیشی "لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گفتوگۆیەکی هاوڕێیانەمان هەبوو لە داڤۆس".

مارک رووتە ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەدۆخی ناوچەکە و عێراق بەتایبەتی. داوای خاوکردنەوەی گرژییەکان دەکەین، بۆ ئەوەی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر نەبێت".