618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی
618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

K24 - هەولێر

618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری و سبەی دەست بەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-02-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "کەمێک لەمەوبەر بڕی (618) ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، ئەو 618 ملیار دینارە، دەکاتە سەدا 65ـی کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی ( 325 ) ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە، سبەی هەینی، 02-02-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەر کە 618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؛ رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن.

رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

رۆژی یەكشەممە، 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە.