بەهۆی شەڕ و ململانێکانی جیهان؛ فرۆشی چەکی ئەمەریکا زیادیکردووە

بەهۆی شەڕ و ململانێیە سەربازییەکانی جیهان؛ فرۆشی چەکی ئەمەریکا زیادیکردووە
بەهۆی شەڕ و ململانێیە سەربازییەکانی جیهان؛ فرۆشی چەکی ئەمەریکا زیادیکردووە

K24 - هەولێر

چەندین شەڕ و ململانێی سەربازی بەرۆکی جیهانیان گرتووە، گرنگترینیان جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و حەماسە. هەرجارێک جەنگێک یان شەڕێک هەڵدەگیرسێت فرۆشی چەکی ئەمەریکاش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لیستی فرۆشی چەکی وڵاتەکەی لە سێ ساڵی رابردوودا بڵاوکردووەتەوە و رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. فرۆشتنی ئەم چەک و کەرەستە سەربازییانەش بە دوو شێواز بووە، یەکەم، بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە چوارچێوەی پلانی دارایی و بەگوێرەی ستانداردی پێنتاگۆن، دووەمیشیان لە رێگەی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و بە رەزامەندی پێنتاگۆن.

ئەمەریکا بۆ ساڵی 2021 لە چوارچێوەی پلانی دارایی، بە بەهای 34 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە، هەر لەو ساڵەشدا لەرێگەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەوە 107 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەک و هاوکاری سەربازی فرۆشراون.

بۆ ساڵی 2022 و لەگەڵ دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا فرۆشی چەکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی پلانی دارایی بۆ 51 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە، لە رێگەی کۆمپانیاکانیشەوە بە بەهای 153 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار چەک فرۆشراوە. لە ساڵی 2023ش لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا، هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس  لەژێر پلانی داراییدا ئیدارەی بایدن بە بەهای 80 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە، لەرێگەی کۆمپانیاکانیشەوە بە بەهای 157 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە. ئەم رێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 55 پۆینت، سەدا نۆ زیادیکردووە.

ئەو وڵاتانەشی ساڵی 2023 چەکیان لە ئەمەریکا کڕیوە گرنگترینیان ئەمانەن، پۆڵەندای دراوسێی ئۆکرانیا بە بەهای 29 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار هێلیکۆپتەری ئاپاچی و سیستمی مووشەکهاوێژی هایمارسی کڕیووە.  ئەڵمانیاش بە بەهای 11 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هێلیکۆپتەری چینهووک و مووشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانی کڕیووە. ئوسترالیاش بە بەهای 6 ملیار و 350 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی سەربازی کڕیوە. کەنەداش بە بەهای 5 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی چاودێری بۆینگ پی-8ی کڕیووە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کوەیت بە بەهای 4 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار سیستمی مووشەکهاوێژی زەوی بۆ ئاسمان و هاوکاری تەکنیکی لە ئەمەریکا کڕیوە، یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەش سعودیەیە و بە بەهای 1 ملیار دۆلار مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی کڕیووە.