ماکرۆن بۆ کوردستان24: پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 – برۆکسل:

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لە هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبین و پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی شووباتی 2024) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە وەڵامی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند، "لەو کاتەی کە هێرشەکە ئەنجامدرا بە توندی سەرکۆنەم کرد، هەروەها داوای لە ئێران کردووە ئەو هێرشانە رابگرێت".

سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو. هاوکات ناوبراو دووپاتیکردەوە، فەرەنسا پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و هەمیشە فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە دەمێنێتەوە.

رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس،  له‌گەڵ  ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ئيمانوێل ماکرۆن هاوخەمیی قووڵی خۆی بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ  هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

دەقی پرسیاری بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 و وەڵامدانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24: من تێدەگەم لە ئەوروپا و فەرەنسا زۆر رووداو هەن، بەڵام نابێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبیر بکەین چونکە هەر شتێک لەوێ رووبدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەوروپا هەیە. چەند رۆژێک لەمەوبەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئێران هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل بوونه‌ قوربانی. هەروەها لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، دەتوانی پێم بڵێی لەبارەی چی گفتوگۆتان کرد؟ هەر وەک دەزانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک یەمەن، عێراق و لوبنان وڵاتانی دیکە گرووپی چەکداری زۆرن، پەیامت چییە بۆ ئێران تا ئەو هێرشانە بووەستێنن؟

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا: "لە سەرەتاوە ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی راشکاومان هەبوو و هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم، پشتیوانی تەواوی خۆمان دەبڕیوە پشت بەو راستییەی کە لەوێ بنکەمان هەیە و مانەوەشمان بەردەوام دەبێت، هەروەها لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئێوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبین، لە سەرەتاوە پەیامێکی روون و ئاشکرامان گەیاندووەتە حکومەتی ئێران کە گرژییەکان زیاد نەکات و بەشداری لەم جەنگە نەکات، هەروەها لەڕێگەی گرووپە بەکرێگیراوەکانی وەک حووسییەکان و حزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکان ئاڵۆزییەکان زیاد نەکات و دۆخەکە خراپتر نەکات. لە داڤۆسیش ئەو پایەمەم بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند و هەروەها بە دەسەڵاتدارانی عێراقیشم گەیاندووە کە ئێمە لێرەین و شانبەشانی ئێوە لەدژی تیرۆر شەڕ دەکەین، پێوستمان بە پابەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە لەدژی میلیشیا و تیرۆرستان شەڕ بکەن".