روانگەی سووری: لە بۆردومانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا کوژراو و بریندار هەیە

بۆردومانکردنی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا - وێنە: ئەرشیف
بۆردومانکردنی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

روانگەی سووری رایگەیاند، لە بۆردومانکردنی چەند پێگەیەک لە ناوچەکانی دێرزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەوە.

درەنگانی شەوی هەینی (2ـی شوباتی 2024) روانگەی سووری رایگەیاند، چەند پێگەیەک لە ناوچەکانی حەیدەرییە و شبلی لە دێرزوور و ناوچەکانی نێوان ئەلبوکەمال و مەیادین لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردومانکراون.

روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانەکەدا شەش کەس کوژراون و کە 12 بنکەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج.

لەلایەن خۆیەوە، رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، پێدەچێت بۆردومانەکە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بێت و بۆ ماوەی زیاتر لە 15 خولەک زیاتر بەردەوامە.

هاوکات پۆلەتیکۆ لە بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆنی گواستووەتەوە کە ئەو بۆردومانەی لە رۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت پەیوەندی بە ئەمەریکاوە نییە بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.

لە بەرامبەردا، میدیا ئەمەریکییەکان لەبارەی بۆردومانەکانی رۆژهەڵاتی سووریاوە ئاماژەیان بەوەکردووە، کە هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە ئوردن.