میدیای سووریا: لە بۆردومانەکانی رۆژهەڵاتی سووریا چەند عێراقییەک کوژراون

K24 – هەولێر:

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە سەرچاو سەربازییەکانی وڵاتەکەی گواستووەتەوە، کە بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمەریکییەکەی ئوردن، هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریا دەستیپێکرد.

میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان 10 کەس لە بۆردومانەکە کوژراون و میدیای سووریاش ئاشکرایکردووە، سێ عێراق لە ریزی کوژراوەکاندان.

درەنگانی شەوی هەینی (2ـی شوباتی 2024) روانگەی سووری رایگەیاند، چەند پێگەیەک لە ناوچەکانی حەیدەرییە و شبلی لە دێرزوور و ناوچەکانی نێوان ئەلبوکەمال و مەیادین لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردومانکراون.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە سووریا روونیانکردووەتەوە، کە بۆردومانەکان 12 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا ئاماری تەواوی کوژراو و برینداران روون نییە.