برێندن ئۆلیری: ئه‌مەریكا له‌ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

برێندن ئۆلێری، پسپۆڕی دەستووری
برێندن ئۆلێری، پسپۆڕی دەستووری

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی دەستووری، رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانانی خۆی بپارێزێت لە ناوچەکە، بە دیاریکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا.

برێندن ئۆلیری، پسپۆڕی دەستووری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر23ـی کوردستان24 رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپیدەکات چونکە ئەمڕۆ لە ئەمەریکا جۆ بایدن لەگەڵ هاوژینەکەی پێشوازیان لە تەرمی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە هەفتەی رابردوودا لە ئوردن کوژران.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەری هەیە ئەمەریکا راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەمە ململانێکان زیاد دەکات، چونکە ئیدارەی بایدن سیاسەتێکی داڕشتووە، ئەویش سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی ئێرانە، کوژرانی سەربازانی ئەمەریکا لە ئوردن بەهۆی کەموکورتییەکانی ئاسایشی ئەمەریکایە کە وەڵامی نەبووە.

برێندن ئۆلیری، دەڵیت: بەهۆی ئەو دۆخەی کە لە ئۆکرانیا هەیە و ئەو دۆخەشی لە غەززە هەیە ئەمەریکا نایەوێت شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بە ئێران بەرپابکات.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، گوتی: ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانانی خۆی بپارێزێت لە ناوچەکە، بە دیاریکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا.

گوتیشی: ئەمەریکا و فەرەنسا پابەندن بەوەی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە بکەن، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان.