هێرشەکانی ئەمەریکا کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە

بۆردوومانکردنی بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێڕان لە سووریا
بۆردوومانکردنی بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێڕان لە سووریا

K24 - هەولێر

گەردەلوولی تۆڵەی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریا دەستیپێکرد و 85 پێگەی ئەو گرووپانەیان بۆردوومانکرد. پێنتاگۆنیش دەڵێت، "ئەمە تەنها سەرەتایە."

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە شەوی رابردووەوە 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە، چەندین کۆگای درۆن و مووشەکی فەیلەقی قودسی پاسداران و دارودەستەکانیان لە عێراق و سووریا وێرانکردووە.

سێنتکۆم جەخت لەوەش دەکاتەوە، فەیلەقی قوودسی سوپای پاسداران و دارودەستەکانی هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێکار بۆ پاراستنی هێزەکانیان.

هاوکات جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکە بە فەرمانی ئەو ئەنجامدراوە. جەختیشەدەکاتەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای شەڕەوە نین، بەڵام هەر کەسێک زیانیان پێبگەیەنێت، وەڵامی دەدەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سەبارەت بەهێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سوپای پاسداران و دارودەستەکانی لە عێراق و سووریا؛ باسی لەوەکرد، ئەوەی کردوویانە تەنها سەرەتایە و سوپای پاسدارانی ئێران و دارودەستەکانی بە بەرپرسیار دەزانن لە هێرشکردنە سەر بارەگەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسانی ئەمەریکا باسیان لەوە کردووە، فڕۆکەی لەناوبەری "بی وەن بی" بەشداری لە هێرشکردنە سەر میلیشاکاندا کردووە، 125 مووشەکی بەوردی ئاڕاستەی 85 ئامانج لە حەوت بنکەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا وەشاندووە کە یەکیان لە قائیمی عێراق بووە، شەشی دیکەیان لە مەیادین و بوکەمالی سووریا بووە.

لای خۆیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، پێش ئەنجامدانی هێرشەکە حکومەتی عێراقییان ئاگادار کردووەتەوە.

هاوکات یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکەی بەدەستدرێژی بۆسەر سەروەری عێراق وەسفکرد، هۆشداریشدا کاریگەری خراپی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.

میدیا ئەمەریکییەکان ئاشکرایانکردووە، هێرشی سەر گرووپە چەکدارەکان لە بنکەی عەدیدی قەتەرەوە سەرپەرشتی کراوە، هێرشەکەشیان وەک دەستپێکی پرۆسەیەکی فراوان دژی ئەو گروپانە باسکردووە.