وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمەریکا هۆکاری فراوانتربوونی شەڕو پێکدادانەکانە لە ناوچەکە

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا ئیدانە دەکات و دەڵێ؛ هێرشەکان دەبنە هۆکاری فراوانتربوونی قەیرانەکان و شەڕو پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا زامنکردنی ئاسایشی ئیسرائیلەو بەمەش بەراورد بە پێشتر خۆی رووبەڕووبوونەوە شەڕی زیاتر دەکاتەوە، چونکە بەم هێرشانە هەڵەیەکی ستراتێژیی دیکەی کرد، جگە لە زیاترکردنی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکە، هیچ لێکەوتەو ئەنجامێکی دیکەی نابێت.

کەنعانی دەڵێ؛ هێرشەکانی ئەمەریکا لەلایەک لە عێراق و سووریا، لەلایەکی دیکە بۆ سەر یەمەن پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتانەیە، لە هەمانکاتدا پێشێلکردنێکی زەقی پەیماننامەی نەتەوە ئەکگرتووەکانە، جیا لەوەی پشتیوانییەکی تەواوی واشنتنە بۆ هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە چوار مانگە بەردەوامە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ؛ جارێکی دیکە هۆشداری دەدەین لە مەترسی فراوانکردنی جوگرفیای شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکە، چونکە ئەو هێرشانە بەردەوام هەڕەشەن لە سەر ئاشتی و ئاساشی ناوچەکە و جیهان، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بە بەرپرسیار دەزانێت بۆ رێگری لە هێرشە نایاسایی و تاکلایەنەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بۆ ئەوەی رێگری لە فراوانکردنی قەیرانەکان بکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای هێرشێکی چڕ و فراوانی بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی عێراق و سووریا لە ناوچە سنوورییەکانی هەردوو وڵات ئەنجامدا، وەک وەڵامدانەوەو تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی دەیان سەربازی دیکەی لە بنکەی تاوەر 22 لە خاکی ئوردن.