لە راپەڕین و گەرمیان و شەقڵاوە یاریی لوتكە بەڕێوەیە

گرتەیەك لە یاریی رانیە و دهۆك لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی كوردستان گەڕی حەڤدەیەم
گرتەیەك لە یاریی رانیە و دهۆك لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی كوردستان گەڕی حەڤدەیەم

لە گەڕی هەژدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان سبەی یەكشەممە چوار یاریی دەكرێن، زاخۆ بۆ رووبەڕبوونەوەی سیروانی نوێ رێگایەكی دووری بڕیوە و سەردانی سلێمانی كردەوە، دەربەندیخانیش لەنێو ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی هەولێر دەكات، یانەی شەقڵاوەش لە بناری سەفین باوەش بۆ چوارقوڕنە دەكاتەوە، لە یاریی لوتكەش رانیە و ئاكرێ بەیەك دەگەن، سەرجەم یارییەكانیش لە كاتژمێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچن.

سیروانی نوێ ـ زاخۆ
لە قۆناغی یەكەمی خولی نایابی كوردستان سیروانی بە خاڵێك و گۆڵێك لە بادینانەوە گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام ئەمجارەیان لە ئەركێكی زەحمەتدا بۆ دووەمجار لەم وەرزە لەگەڵ زاخۆ رووبەڕوو دەبنەوە، نوێنەرە سوورپۆشەكەی بادینان ئەنجامەكانی بەرەو باشبوون رۆیشتووە و لە دوایین 4 یاری، 2 بردنەوە و 2 یەكسانبوونی هەیە و بە كۆكردنەوەی 25 خاڵ بۆ خانەی حەوتەمی ریزبەندی سەركەوتووە و تەنیا 6 خاڵ لە یانەی پێشەنگی خولەكە دوورە.
لە بەرامبەردا سیروانی نوێ ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەكە دەكات و بە 28 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە و بە بردنەوەی لە یارییەكەی سبەی دەرفەتی گەیشتنی بۆ خولی نایابی كوردستان هەیە.

دەربەندیخان ـ هەولێر
هەولێر لە قۆناغی یەكەم بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە شینپۆشەكانی دەربەند هێنا، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و هەولێر شەڕی مانەوە لە خولەكە دەكات، لە بەرامبەر دەربەندیخان ركابەری بۆ بردنەوەی نازناوەكە دەكات.
دەربەندیخان لەم وەرزە لە كۆی 17 یاری، 6 بردنەوە، 7 یەكسان و 4 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت. لە بەرامبەردا شكستەكانی هەولێر لەم وەرزە دوو هێندەی دەربەندە و 8 یاریی دۆڕاندووە و بە كۆكردنەوەی 17 خاڵ لە خانەی چواردەیەمی ریزبەندی دێت.

شەقڵاوە ـ چوارقوڕنە
لە یاریی رابردوو شەقڵاوە دوای 5 هەفتەیە یەكەمین سەركەوتنی لە نێو ساڵی 2024 تۆمار كرد، دوای ئەوەی بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە ئاراراتی بردەوە، ئەمەش یەكەمین سەركەوتن شەقڵاوە بوو دوای 33 رۆژ لە خولی نایابی كوردستان.
لە بەرامبەردا یانەی چوارقوڕنە لە چوار یاریی رابردوو یەكسان بووە و هیچ گۆڵێكیشی نەكردووە، لە قۆناغی یەكەمیش شەقڵاوە لە نێو راپەڕین خاڵێكی لە چوارقوڕنە وەرگرت و بە گۆڵێك لەگەڵ ئەو یانەیە بەرامبەربوو.
چوارقوڕنە بە كۆكردنەوەی 27 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتووە و شەقڵاوەش بە 16 خاڵ لە خانەی پێشكۆتایی ریزبەندی خولەكە دێت.

رانیە ـ ئاكرێ
رانیە لەم یارییە بۆ تۆڵەكردنەوە یاریی دەكات، بەوپێیەی لە قۆناغی یەكەم بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بە ئاكرێ دۆڕا، بەڵام نوێنەرەكەی راپەڕین ئەركی سەختە، چونكە ئاكرێ لەو یارییە جگە لە 3 خاڵی یارییەكە بە هیچ ئەنجامێكی دیكە رازی نییە و شەڕی بردنەوەی نازناوەكە دەكات، بەڵام ئەنجامەكانی ئاكرێ بەرەو خراپی رۆیشتووە و لە دوایین چوار یاری هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، لە بەرامبەردا رانیە لە قۆناغی دووەم كۆمەڵێك گۆڕانكاری كردووە و هێرشبەرێكی سەرەڕمی پیشەگەری گواستووەتەوە، لە دوایین 3 یاریی لە خولەكە بردنەوەیەك، سەركەوتنێك و دۆڕانێكی هەیە.
ئاكرێ بە كۆكردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەردا رانیە بە 21 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی دێت.

گرتەیەك لە یاریی ئاكرێ و چوارقوڕنە لە قۆناغی یەكەمی خولی نایابی كوردستان
گرتەیەك لە یاریی ئاكرێ و چوارقوڕنە لە قۆناغی یەكەمی خولی نایابی كوردستان