کاروان حەمید حەلاق بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

هونەرمەندی گۆرانیبێژ کاروان حەمید حەلاق تازەترین بەرهەمی خۆی لە رۆژی ڤاڵانتاین کە تایبەتە بە عەلی عاشق بڵاوی دەکاتەوە.

کاروان حەمید حەلاق، دەربارەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، نوێترین بەرهەمم کارێکە تایبەتە بە عەلی عاشق، ئەو بەرهەمە نوێیەم ئەشق و ئەوینە بۆ کەسێک کە هیچی کەمتر نییە لە ئاشقە بێوێنەکانی وەکو شیرین و فەرهاد و لەیلا و مەجنون، عەلی عاشق وەکو رابەری ئاشقان ناوی لە دونیای ئەشق و ئەوین بە زیندوویی دەمێنێتەوە، قوربانییەکی تری دەستی خۆشەویستییە.

دەشڵێت: ئەو بەرهەمە موزیک و دابەشکردنی لەلایەن عەبدوڵا جەمال سەگرمەیە و ئاواز و هۆنراوەی کاروان حەمید حەلاقە و دەرهێنەر و بەرهەمهێنانی کلیپەکەش بافڵ سەرهەنگ و کاروان رەحمانە.

هیوادارم کارێک بێت رۆحی عەلی عاشق ئاسوودە بکات و بە دڵی هەموو ئاشقانی دنیا بێت.

عەلی عاشق یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکان و بەهۆی ئەوەی لە کاتی گەنجیدا خۆشەویستەکەی پێنەدراوە، بڕیاریداوە بە تەنیا بژی و ماوەی 60 ساڵ زیاتر لە خانوویەکدا بە تەنیا ژیاوە و لە ساڵی 2020 کۆچی دوایی کردووە.