ریچارد وایتز: ئه‌مه‌ریكا له هێرشه‌كانیدا توند نه‌بوو
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شیكاری سیاسی و سه‌ربازی له په‌یمانگه‌ی هدسۆن ئاماژه به‌وه ده‌كات، هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌یامێك بوو بۆ ئه‌وانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئیمارات و سعوودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 3ـی شوباتی 2024) ریچارد وایتز، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شیكاری سیاسی و سه‌ربازی له په‌یمانگه‌ی هدسۆن تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان له عێراق و سووریا وه‌ك پێویست ئامانجه‌كه‌ی نه‌پێكا، چونكه ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات ئاگری شه‌ڕ له ناوچه‌كه فراوان نه‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شیكاری سیاسی و سه‌ربازی له په‌یمانگه‌ی هدسۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا له‌میانی ئه‌و هێرشانه‌وه په‌یامێكی بۆ گرووپه چه‌كداره‌كان نارد، كه چیدیكه هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانیان ئه‌نجام نه‌ده‌ن و زیان به سه‌ربازه‌كانیان نه‌گه‌یه‌نن.
ریچارد وایتز باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و هێرشانه هاوكات په‌یامێك بوو بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئیمارات و سعوودیه و پێی راگه‌یاندن، كه ده‌ستبردن بۆ هاوپه‌یمانه‌كانم ده‌ستبردنه بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ناوبراو روونیشیكرده‌وه، جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماده نییه راسته‌وخۆ هێرش بكاته سه‌ر ئێران له ناو خاكی ئه‌و وڵاته، به‌ڵام هێرش ده‌كاته سه‌ر گرووپه‌كانی نزیك له‌و وڵاته به‌تایبه‌تی له عێراق و سووریا.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌ت بایدن نایه‌وێت هێزه‌كانی له عێراق بكشێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌مان سیناریۆكه‌ی ئه‌فغانستان نه‌بێته‌وه.
به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان له عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته وێرانكران.
هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مەریكا له ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه بوون، كه ره‌نگه كه‌فوكوڵی لایه‌نه شیعه‌كان كه‌متر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام نایشارنه‌وه پێشوه‌خته حكومه‌تی عێراقیان له هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئاگاداركردووه‌ته‌وه، حكومه‌تی عێراقیش له‌ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئەمەریکا تێکدانی هەوڵەکانی عێراقە و راماندەکێشێت بۆ دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان، كه بەجۆرێکه لێکەوته‌ی کارەساتباری بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌بێت.
هێرشه‌كه‌ی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گای گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له عێراق و سووریا، پێناچێت یه‌كه‌م و دوایین هێرش بێت و دڵی ئه‌مەریكا به‌و 125 مووشه‌كه ئاو بخواته‌وه، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت زنجیره‌یه‌ك هێرشی دیكه‌ی به‌دوادابێت و دۆخی ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ببات.