پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا دەکات

یەکێک لە شوێنە بۆردومانکراوەکان لە ناوچەی قایم - وێنە: رۆیتەرز
یەکێک لە شوێنە بۆردومانکراوەکان لە ناوچەی قایم - وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق شاندێکی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێکهێنا بۆ سەردانیکردنی شوێنی بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا و داوایکردووە راپۆرتێکی بەپەلە ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدەن.

رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی ئاسایش و بەرگری راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە رۆژئاوای وڵات بکەن و هەڵوێستە لەسەر وردەکانی شوێنە بەئامانجگیراوەکان بکەن و راپۆرتێکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردانی پێویست لەبارەیەوە.

پێشتریش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ سه‌ر پێگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراقدا كرد و داوای له‌ حكومه‌تی فیدراڵی كرد په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 18ـی ساڵی 2020ـی تایبه‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودس و گرووپە پاشکۆکانیان ئەنجامدا و زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە.

لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا لە قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.

له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 40 کەس کوژراون.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی ده‌یڤید بێركه‌ر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کردووە و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سوپای ئەمەریکا راده‌ستده‌كات و له‌ به‌شێكی نامه‌كه‌دا هاتووه‌: "به‌كارهێنانی خاكی عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".