دەم پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ بڕیاردەدات

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

رۆژنامەنووسانی نزیک لە دەم پارتی رایانگەیاندووە، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی دەم پارتی بڕیاریداوە لە ئیستانبوڵ و پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا، بە کاندیدی خۆی بەشداری لە کێبڕكێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، سبەی یەکشەممە کاتژمێر (2:00)ـی دوای نیوەڕۆ هەڵوێستی فەرمی دەم پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ و ناوچەکانی دیکە ئاشکرادەکەین.

بەگوێرەی زانیارییەکان سبەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دەم پارتی بڕیاری فەرمی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەی سەربەخۆ رادەگەیەنێت و لە هەمان کاتدا، کاندیدەکانی خۆی بۆ شارەوانییەکان ئاشکرا دەکات.

هەروەها رۆژی هەینی (2ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاندبوو، رۆژی شەممە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی پارتەکەیان کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات و بڕیارە بابەتی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە و ستراتیژی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ تاوتوێ بکەن.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە ئەوکات لەرێگەی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کردبوو، بەهۆی نەبوونی کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووبووەوە. تەنانەت دەنگەکانیشی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە کەمی کرد و دەرئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات کە کورد بە گشتی لەگەڵ ئەوەیە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدی خۆی هەبێت.

بەگوێرەی کۆتا راپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێست، کە لەگەڵ 1002 دەنگدەری کورد لە ئیستانبوڵ کردوویەتی کە پێشتر دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز داوە، لە 69.6%ـی دەنگدەران دەڵێن پێویستە دەم پارتی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەبێت، هاوکات لە 25.5%ـیشی لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین، لە 3.9%ـیش هیچ بۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

لەراپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە کراوە کە کێ بە شیاو دەزانن بۆ ئەوەی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ کاندیدی بکات، لە ئەنجامدا لە 34.3% لەگەڵ ئەوەن باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش کاندید بکرێت، لە 26.5%ـیان لەگەڵ سرری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و لە 6.9%ـیشی لەگەڵ ئەوەدان عوسمان بایدەمیر کاندید بکرێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.