ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سووریا کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر     

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا کۆبوونەوەیەکی نائایاسایی ئەنجامدەدات.

بڕیارەی ئێوارەی سبەی دووشەممە (5ی شوباتی 2024) لەسەر داوای رووسیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو وڵاتانەی دژ بە هێرشەکەن راپۆرتی خۆیان پێشکەش دەکەن، لەبەرانبەردا ئەمەریکا بەرگریی لەخۆیی دەکات.

هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ی شوباتی 2024) حەوت ناوچەی لە عێراق و سووریا بۆمبارانکردن و رایگەیاند، 85 ئامانجیان پێکاوە کە بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن، بەهۆیەوە نزیکەی 35 چەکدار کوژران.

هێرشەکەی ئەمەریکا وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە درۆنییەی حزبوڵڵای عێراقی بوو، کە (28ی کانوونی دووەمی 2024) کردیە سەر بنکەی تاوەر 22ی سەربازانی ئەمەریکا لە خاکی ئوردن، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق دوو رۆژ دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر (17ی کانوونی دووەمی 2024) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەوە، سکاڵایەکی تایبەت بە هێرشە دوژمنکاریی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. راشیگەیاندووە، هێرشەکان بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هێچ وادەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوونی ئاسایش دیاری نەکراوە.