هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و بەریتانیا پێنج پارێزگای یەمەن مووشەکباران دەکەن

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بەئامانجکردنی 36 بنکەی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە 13 ناوچە و تێکشاندنی مووشەکێکێ کرووزی رایگەیاند. گوتەبێژی حوسییەکانیش دەڵێ، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و بەریتانیا 48 هێرشیان کردووەتە سەر پێنج پارێزگای یەمەن.

سێنتکۆم بڵاویکردووەتەوە، درەنگانێکی شەوی شەممە (3ی شوباتی 2024) لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانیدا دژی چەکدارە حووسییەکانی نزیک لە ئێران، کەبوونەتە هۆکاری ناسەقامگیریی رێڕەوی دەریای سوور و ناوچەکە، بەهاوبەشی بەریتانیا و پشتیوانی هەریەکە لە هۆڵندا، بەحرەین، دانیمارک، ئوسترالیا و کەنەدا 36 پێگەی حوسییەکانیان لە 13 ناوچەی جیاواز بۆمبارانکردووە.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، مووشەکێکی جۆری کرووزی دژە کەشتی چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن تێکشکێندراوە، کە ئامادەکرابوو بۆ هەڵدان و بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە دەریای سوور

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا سەرنجی زیاتر خراوەتە سەر ئەو پێگانەی حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەکاریانهێناوە، لە نێویاندا چبەخانە، کۆگای درۆنەکان، سیستەمی رادار و هێلیکۆپەر لەنێوبراون، کە لەژێر زەویدا حەشاردرابوون.

سێنتکۆم راشیگەیاندووە، ئامانج لەهێرشەکان لاوازکردنی توانای سەربازی چەکدارە حوسییەکانە بۆ نەهێشتنی مەترسیی و هەڕەشەکان لەسەر جووڵەی کەشتییەکان لە دەریای سوور.

هەر لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکان، یەحیا سەریع گوتەبێژی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە24 کاتژمێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا 48 هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە پێنج پارێزگای یەمەن.

بە گوتەی سەریع، 13 هێرش بۆ سەر پارێزگای سەنعای پایتەخت بوون، نۆ هێرش لە پارێزگای حەدیدە، نۆ هێرشی دیکە بۆ سەر پارێزگای تەعز، حەوت هێرشیش لە پارێزگای بەیزا و یەک هێرشیش کراوەتە سەر پارێزگای سەعدە.

گوتەبێژی حووسیەکان جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەوکارانەی ئەمەریکا و بەریتانیا دەیکەن نابنە هۆکاری ساردبوونەوەیان لەپشتیوانیکردنی فەڵەستین و بە ئامانجگرتنی بەرژوەندییەکانی ئیسرائیل.

لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی هەمان مانگدا، چەکدارانی حوسیی وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس لە دەریای سوور هێرشەکانیان بۆ سەر جووڵەی کەشتییەکان چڕکردەوە و ئەمەریکاش دەڵێ، هێرشی چەکدارە حوسییەکان بە پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێرانە.