تەندروستی جیهان: ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆن حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت

رۆژی جیهانی شێرپەنجە
رۆژی جیهانی شێرپەنجە

K24 - هەولێر

نەخۆشی شێرپەنجە بە گەورەترین كێشەی تەندروستی جیهان و بە هۆكاری زۆری مردن لەسەر ئاستی جیهاندا دادەنرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی شوباتی 2024، تەندروستی جیهان رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆنی حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت و نزیکەی  10ملیۆن کەس بەو نەخۆشییە دەمرن.

تەندروستی جیهان راشیگەیاند، شێرپەنجەی سییەکان لە پلەی یەکەمدایە کە 12.4%ـی کۆی تووشبووان پێکدەهێنێت، هەروەها شرپەنجەی مەمک لە پلەی دووەمە کە 11.6% دواتر شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە و پڕۆستات و گەدە دێن.

نەخۆشی شێرپەنجە بریتییە لەوەی خانەی ئاسایی بە چەند قۆناغێک دەگۆڕێت و دەبێتە خانەیەكی نائاسایی؛ چەند هۆكارێکی هەیە؛ ئەوانیش، "تیشكی خۆر، پێكهاتەی كیمیایی و بایۆلۆژی"، كۆمەڵێك هۆكاری دیكەش هەن بۆ نموونە تەمەنی زۆر.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوە جیهانییەکانی تەندروستی، شێرپەنجە دووەم هۆكاری مردنە لە جیهاندا و وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت بە رێژەی 70% مردنیان بە شێرپەنجە هەیە.

د.سامان بەرزنجی پێشووتر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە دابینکردنی دەرمان و ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، عێراق نیازە بۆ هەر پارێزگایەک سەنتەری شێرپەنجە لە بواری دەستنیشانکردن بکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا عێراق بڕیاریداوە لەگەڵ یەکێک لە بانکە نێودەوڵەتییەکان سێ سەنتەری شێرپەنجە دابنێت و داوامانکردووە هەرێمی کوردستانی لێی بێبەش نەکرێت، هەروەها ناوه‌ندێكی پزیشكی ئه‌تۆمی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاندبوو، لە پێشوودا حکومەتی عێراق بڕێکی زۆر کەمی لە دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، نەدەگەیشتە 10%ـی دەرمانەکانی شێرپەنجە، هەروەها 40% نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان نەخۆشی دەرەوەی هەرێمن و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن.

رۆژی 4ی شوبات، وەك رۆژی جیهانی شێرپەنجە ناسراوە، لەم رۆژەدا لە سەرتانسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و هۆشداری تەندروستی بە هاووڵاتییان دەدەن.