ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەدا سەپاند کە یارمەتی تەکنەلۆژیای ئێران دەدەن

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا سەپاند، کە پاڵپشتی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی ئێرانی دەکەن، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو فڕۆکانە لەلایەن رووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی سزای بەسەر چوار لایەندا سەپاندووە کە وەک کۆمپانیا لە ئەمەریکا کاردەکەن، ئەو لایەنانە کەرەستە و تەکنەلۆژیای هەستیاریان بۆ بەرنامەکانی مووشەکی بالیستی ئێران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابینکردووە، کە سوپای رووسیا دژی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بەکاردەهێنرێت، لەوانە دەیان هێرشی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر کارمەندانی ئەمەریکا کە لە ئەنجامدا سەربازانی ئەمەریکی کوژراون.

میلەر گوتیشی: حوسییەکانی سەر بە ئێران بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دروستکراوی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەروەت و سامانی دەریایی ئەمەریکا.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، کە "ئەمەریکا پابەندە بە سوود وەرگرتن لە هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لەو کەس و لایانانەی کە بەشداری تەکنەلۆژی لەگەڵ ئێران دەکەن، چونکە راستەوخۆ زیان بە کارمەندانی ئەمەریکی لە ناوچەکە دەگەیەنێت و بەشدارە لە ناسەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا".