هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس لە باکووری کوردستان کەوتە خوارەوە

K24 – هەولێر

هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس لە باکووری کوردستان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوەی دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ئەفسەری فڕۆکەوانن، بەڵام هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلکۆپتەرەکە نەزانراوە.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی؛ هێلیکۆپتەرێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورکیا لە شارۆچکەی نورداغـی پاریزگای دیلۆک کەوتە خوارەوە و هەردوو فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، سەرنشینێکیش برینداربووە، کە تەکنیککاری هێلیکۆپتەرەکەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکان شەوی رابردوو کاتژمێر 10:49 خوولەک هێلیکۆپتەرەکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورکیا پەیوەندیی لەگەڵ بنکەی سەرەکی پچڕاوە. لێکۆڵینەوەی یاسایی لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.