وەزیری پەروەردە: کاتی زیاتر بەو قوتابخانانە دەدەین کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە

ئالان حەمەسەعید
ئالان حەمەسەعید

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو ئامادەییەکمان نیشانداوە کە چۆن کاتی زیاتر بەو قوتابخانانە بدەین کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە.

ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەری قوتابیانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە تاوتوێی داواكارییەكانیان كراوە و دەشڵێت: کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوان گرفتێکی گەورە دروست دەکات.

گوتیشی: بۆ ئەو قوتابخانانەی کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە، هەموو ئامادەییەکمان نیشانداوە کە چۆن کاتی زیاتریان پێبدەین، هەروەها هەرچیشمان پێبکرێت بۆ خزمەتکردنی ئەو قوتابیانەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین درێغی ناکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەستپێشخەریمان هەیە بۆ هەموو قوتابیانی کوردستان، کە لە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارێک بۆ بەرژەوەندی قوتابیان بدەین بەڵام بڕیارەکە بۆ ئەوکاتە ئەهێڵمەوە تاوەکو گفتوگۆی لەسەر ئەکەین.