وەزارەتی تەندروستی ئاماری رێژەی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەی بڵاوکردەوە

رۆژی جیهانی شێرپەنجە
رۆژی جیهانی شێرپەنجە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەساڵی 2023 تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، 9911 کەس بووە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، د. چنار سنجاوی، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ناوەندی کۆنتڕۆڵی جیهانی بۆ شێرپەنجەی لەژێر دروشمێک یادی رۆژی جیهانی شێرپەنجە دەکەنەوە، لە ساڵی 2022 کەمپینێکیان راگەیاند، بە ناوی پڕکردنەوەی کەلێنەکانی خزمەتگوزاری ئێمەش کەلێنی خزمەت پڕدەکەینەوە و ئاماژەمان پێکردووە لە دروشمەکاندا، بەڵام کەمپینەکە بۆ سێ ساڵە و هەر ساڵە و بە دروشمێک یادی دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارێک د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2023، ئەوانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، لە پارێزگای هەولێر، 5456 کەس کە دەکاتە 55% لە سلێمانی 33% کەس واتە 3275 تووشبوو، لە دهۆکیش 1180 واتە 12% کەس تووشبوو.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، کە لە ساڵی 2023، نزیکەی 147 منداڵ لە پارێزگای هەولێر تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، لە سلێمانی 203 منداڵ، 69 منداڵیش لە پارێزگای دهۆک تووش بوون.

بە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەی شێرپەنجە بەرزبووەتەوە، کە لە ساڵی 2022 رێژەی شێرپەنجە 9061 تووش بوو هەبووە، بەڵام لەساڵی 2023 تووشبووی شێرپەنجە 9911 کەس بووە.

دکتۆرە چنار سنجاوی گوتیشی: "دروشمی ئەمساڵ بەناوی با چاڵنجی دەسەڵات بکەین، واتە دەسەڵاتەکان لە هەموو جیهان نەک هەر حکومەتی ئێمە بەڵکو هەموو حکومەتی جیهان، با بەیەکسانی ئەو خزمەتگوزارییەی لە شێرپەنجە هەیە، لە نێوان وڵاتان و رەش پێست و سپی پێست لەنێوان هەژار و دەوڵەمەند یاخود پیاو و ژن، با لە شێرپەنجەدا بەیەک چاو سەیر بکرێت، چونکە شێرپەنجە لە جیهاندا بەڵایەکە و تووشی خەڵکی دەبێت".