بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چیلی لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چیلی لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستدا (وێنە: AFP)
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چیلی لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستدا (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

بەهۆی ئەو ئاگرەی ماوەی چەند رۆژێکە دارستانەکانی چیلی گرتووەتەوە، لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون. سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییان زیاتر بەرزببێتەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی ناوەڕاست و باشووری چیلی کەوتووەتەوە. بەوهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون. گابرێل بۆریچ، سەرۆکی چیلی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشیبینی دەکەن ژمارەی قوربانیان لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە.  

هاووڵاتییانی چیلی رووداوەکە بە "خراپترین کارەسات" لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە وڵاتەکەیان ناودەبەن. لویس بیالی تەمەن 69 ساڵ، کە تەرمی 19 کەسی بە سووتاوی دۆزیوەتەوە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "لە خولەکێدا هەموو شتێکمان لەدەستدا. پێشتر کارەساتی لەم شێوەیەمان نەبینیوە".  

ئاگرەکە لە ناوچەی گەشتیاری باڵپارایسۆ، کە هاوینەهەواری بەناوبانگی کەنار دەریای پێنا دێل مار لێی چیلییە؛ زیاتر تەشەنەی کردووە. وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامن و، ئەولەویەت بۆ ناوچەی گەشتیاری باڵپارایسۆ دەبێت.

جگە لە زیانە مرۆییەکان، نزیکەی شەش هەزار خانوو و باڵەخانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون. هاوکات بە گوتەی بەرپرسانی چیلی، لە دوێنێ شەممەوە نزیکەی 43 هەزار هێکتار بە تایبەت لە کەناراوەکانی زەریای هێمن لەناوچوون.

بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ تیمەکانی فریاکەوتن بکرێت، دەسەڵاتدارانی چیلی شەوانە لە کاتژمێر 09:00ـی شەوەوە قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن هێندەی پێیان بکرێت لەگەڵ تیمە فریاکەوتنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە زووترین کات ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

لە کاتێکدا شیلی و کۆڵۆمبیا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبنەوە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەرما لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەرجەنتین و پاراگوای و بەرازیل بگرێتەوە، ئەمەش وای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە کردووە ئامادەکاری بۆ هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنە بکەن.