بەڕێوەبەری قوتابخانە ئامادەییەکانی پشدەر سکاڵا لە دژی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی تۆماردەکەن

هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان
هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری قوتابخانە ئامادەییەکانی سنووری پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی دەکەن و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێن؛ " دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ئێمەیان فریووداوە و واژۆی ئێمەیان بەبێ مۆڵەت لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بۆ بایکۆتکردنی خوێندن و وانە وتنەوە بەکارھێناوە".

بەڕێوەبەرانی قوتابخانە ئامادەییەکانی پشدەر روونکردنەوەیەکیان بۆ رای گشتیی و کەسوکاری قوتابیانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر بڵاوکردووەتەوەو تێدا هاتووە، "دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی بەڵینەکانیان جێبەجێنەکرووە و ئەمانەت پارێزیش نەبوون، بە بڵاوکردنەوەی واژۆی مامۆستایان، قوتابیانی پۆلی 12 و کەسوکاری قوتابیانیان تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، بۆیە لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتی فەوتانی خوێندنی ساڵێکی پۆلی 12 لە پشدەر دەخەنە ئەستۆی دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی".

هەروەها رایانگەیاندووە، چیتر رێگە نادەین بەناوی ئێمەو بەکارهێنانی واژۆی ئێمەوە خوێندکارانی پۆلی 12 لە خوێندن بێبەش بکرێن، ئێمە لەگەڵتان نین، وەک دەبینین خوێندنی پۆلی 12 لە پەروەردەی پشدەر بەرەو تونێلێکی نادیار دەڕوات و تەنیا قوتابیان زەرەرمەندن، هەربۆیە ئێوە (دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی لە پشدەر) دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دونیا و قیامەت و یاسا لە فەوتاندنی خوێندن.

هەروەها رایانگەیاندووە، "بەمافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەسێک تۆمار بکەن، کە واژۆکانمان بەکاربهێنێت".