وەزارەتی تەندروستی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاند

وەزیری تەندروستی
وەزیری تەندروستی

K24- هەولێر

وەزیری تەندروستی رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنێک بۆ هاووڵاتییان دروستکراوە بۆ ئەوەی هەر گومانێکی تەندروستی شێرپەنجە هەبێت پشکنین بۆخۆیان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، چەند جۆرێک پلانمان هەیە بۆ ئەمساڵ، بەشێک لەو پلانانە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان، وەک دامەزراندن و دروستکردنی سەنتەری نوێی چارەسەری بە تیشک، کە هاووڵاتییان پێیدەڵێن سەنتەری لێزەر، لە شاری دهۆک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناگەی داندرا.

بەگوتەی وەزیری تەندروستی: "نەخۆشخانەی شێرپەنجە بۆ منداڵان لە شاری دهۆک لە نەخۆشخانەی هێڤی و هەروەها نەخۆشخانەی چارەسەری کیمیاوی لەناو شاری دهۆک کە ئێستا لە بوارەکانی کۆتاییەکانی نۆژەنکردنەوەدایە دروست بکرێت، لەگەڵ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی پێشووی شاری دهۆک دەبێت بە سەنتەری شێرپەنجە.

سامان بەرزنجی دەشڵێت: "ئەمڕۆ ئەپڵیکەیشنێکی تەندروستی بە ناوی ئەپلیکەیشنی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەمان راگەیاند، کە ئەو ئەپڵیکەیشنە بۆ هەموو هاووڵاتییانە دەتوانن بەماوەی یەک خولەک لەلای خۆیانەوە بە مۆبایلەکەیان کە بەسیستەمێکی تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنییە، بتوانێت خۆیان رووپێوێک دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی هەر پشکنینێکی پێویست بوو، بۆ هەر نەخۆشییەکی شێرپەنجەی گومان لێکراو بکات".

راشیگەیاند، بە شێویەکی گشتی هەندێک پلانی دیکەمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵە، کە بڕیارە سەنتەرێکی پزیشکی ناوەکی بۆ هەموو کوردستان بکرێتەوە، کە چەند ئامێرێک و تیشک لەخۆ دەگرێت.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشیخستەڕوو: "پلانی داهاتوویان دروستکردن و دەستنیشانکردنی سەنتەرەکانی چارەسەرییە، لە دەرەوەی شارەکان وەک شاری "هەڵەبجە، سۆران" کە بڕیارە سەنتەری چارەسەری سەنتەری شێرپەنجە بکەنەوە، و هەروەها ئەم پلان و بڕیارانە بە پلان و قۆناغی جیاواز دەڕوات".