حەسەن شێخانی: ئەوەی ئێستا بەسەر کەرکووک دێت لەسەردەمی رژێمی بەعس خراپترە

حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "ئەوەی ئێستا بەسەر کەرکووک دێت لەسەردەمی رژێمی بەعس خراپترە". ئاماژە بەوەش دەدات، "هەوڵدەدرێت چەندین خێزانی کورد لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەربکرێن".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دۆخی پارێزگای کەرکووك دوای گەڕانەوەی پارتی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. دەبێت لەمەودوا بیرکردنەوەی پارتی و هەموو حزبە کوردستانییەکان بۆ ئیدارەدانی شاری کەرکووک جیاوازتر بێت".  

حەسەن شێخانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە هەوڵدەدرێت ئەو ماف و دەستکەوتانەی کورد کە لە کەرکووک بەدەستهاتوون، نە‌هێڵدرێن. دەبێت حزبە کوردستانییەکان و سەرۆک هۆزە کوردەکانیش یەکریزبن و رۆڵیان هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەوڵانە".

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان باسی کرد، ئەو دۆخەی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، لە کەرکووک هاتووەتە پێشەوە، "لە کاتی رژێمی بەعس خراپترە. هەوڵدەدرێت چەندین خێزانی کورد لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەربکرێن. ئەو پاساوانەی سوپای عێراق و هێزە سیاسییەکانی دیکە بۆ دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد باسی دەکەن، بێ بنەمان".

حەسەن شێخانی بە پێویستی دەزانێت وەکو ئەوەی چۆن پارتی ژمارەیەک گۆڕانکاری حزبی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە، یەکێتی و حزبە کوردستانییەکانی دیکەش ئەو گۆڕانکارییەکانی دیکەش ئەو گۆڕانکارییانە بکەن بۆ ئەوەی گوزارانی هاووڵاتییانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە باشتر ببێت.