ئالیکی ئاژەڵان بووەتە خۆراکی سەرەکی دانیشتوانی غەززە

K24 - هەولێر

لە دوای مانگی دووەمی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئاردی سپی لە بازاڕەکاندا تەواو بووە و هاوکارییەکانیش ناچنە ژوورەوە، بەمەش دۆخەکە خراپتر بووە، هاووڵاتیان ئالیکی ئاژەڵان "عەلەف" دەکەن ئارد و دەیخۆن.

بیلال نەفاری تەمەن 54 ساڵ بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاند، ناچار بووە بەنرخێک ئالیکی ئاژەڵان بکڕێت کە بەرزترە لە نرخی ئاسایی خۆی لە پێش جەنگ و سەرەتای جەنگدا، ئەمەش بۆ ئەوەی بیکاتە ئارد و لەسەر ئاگری دار ئامادەی دەکات کە لە نان دەچێت.

نەفاری گوتیشی: "من شەش منداڵم هەیە کە دوویان بچووکن، هەروەها چوار نەوەشم هەیە، چییان پێ بڵێم؟  چی بکەم کاتێک برسی بوون؟ بەداخەوە چووم ئالیکی ئاژەڵ بکڕم بۆ ئەوەی خەیاڵی ئەوە بکەیت کە خۆراک بە منداڵەکانت دەدەیت، من قسەی دیکەم نییە"، دەشڵێت: زۆرێک لە غەززەییەکانی باکوور پەنا بۆ ئەم فێڵە دەبەن، چونکە هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە، ئەمەش وایکرد ئاشەکان دووبارە بکرێنەوە.

ئەحمەد شەهاب، کە لە ئاشەکەدا کار دەکات بەهەمان سەرچاوەی گوت: زۆرینەی ئەو هاووڵاتیانەی دێنە لای ئەوان ئالیکی ئاژەڵ دەهێنن، تەنها کەمێکیان نەبێت کە توانای بەدەستهێنانی گەنمەشامی یان گەنمیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە رێککەوتنی خاوەن ئاشەکە و خەڵکەکە، دوو لەسەر سێی بڕی ئالیکی ئاژەڵەکە کە دەیهێنن ورد دەکرێت، هەروەها یەک لەسەر سێ یان کەمتر لە گەنمەشامیەکە ئەگەر لەناو ئاشەکەدا مابێت، بە ئامانجی ئاسانکاری پرۆسەی وردکردن و ئاسانتر جوینی تێکەل دەکرێت.

نرخی کیسەیەک گەنمەشامی گەیشتە زیاتر لە 500 شیکڵ کە دەکاتە 137 دۆلار، هاوکات نرخی کیسەیەک ئالیکی ئاژەڵ گەیشتە نزیکەی 380 شیکڵ کە دەکاتە نزیکەی 100 دۆلار.

ئەنعام ئەبو ڕیالە، کە لە کەمپی کەناردەریا ئاوارە بووە بۆ پەناگەکانی جیبالیە، دەڵێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، دەبوو بڕێک لە ئالیکی ئاژەڵان لەگەڵ بڕێکی کەمتر لە گەنمەشامی تێکەڵ بکات.

ئەبو ڕیالە، کە خانمی ماڵەوەیە چوار منداڵی هەتیو بەخێو دەکات، مانگانە بە پاڵپشتی دارایی مانگانە تەنها 800 شیکڵ دەژین، کە یەکسانە بە نزیکەی 220 دۆلار، دەشڵێت، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و گەنمەشامی زۆر بەرزبووەتەوە.

 ئەبو ڕیالە بارودۆخی خۆی وەسف دەکات و دەڵێت: "چی روویدا؟، برسی بووین و خەریک بوو لە برسێتی بمرین، کەس هەواڵی شەڕ و برسێتی و هەژاری و گرانی نرخەکانی نییە و ئێمەش وابەستەی خواردنی ئاژەڵ بووین، گوتیشی: بەڕاستی ئێمە برسیین.  قسەی زۆر دەبیستیت.  ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان، عەرەب، ئاگربەست، ڕێککەوتن، یارمەتی و کشانەوە، هیچ شتێک نابینین، ئارد نییە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە لە بەردەوامی رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە بەسەر دانیشتووانی باکووری غەززە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی برسێتی ڕاستەقینە بوونەتەوە. 

لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 26 هەزار کەس کوژراون، هەروەها زیاتر لە 65 هەزار کەسیش بریندار بوون.