لە سلێمانی قوتابییەک بەهۆی گازی سۆپاوە گیانی لەدەستدا

قوتابخانەی چەقڵاوەی بنەڕەتی
قوتابخانەی چەقڵاوەی بنەڕەتی

K24 - هەولێر

لە قوتابخانەیەکی پارێزگای سلێمانی قوتابییەک بە گازی سۆپا گیانی لەدەستدا. باوکی دەڵێت، کاتێک بەیانی بۆ قوتابخانە بردوویەتی لە رووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، لە قوتابخانەیەکی گوندی چەقڵاوە نزیک پردی تانجەرۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییەکی تەمەن 12 ساڵی پۆلی شەشی بنەڕەتی بە ناوی "لەوەند کاروان" بەهۆی گازی سۆپاوە، گیانی لەدەستدا.

کاروان عەلی باوکی ئەو قوتابییە 12 ساڵە، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "کاتێک تەرمی کۆڕەکەم گەیەندرابووە نەخۆشخانە، تەلەفۆنیان بۆ کردم، گوتیان کوڕەکەت بە گازی سۆپا گیانی لەدەستداوە و چەند هاوپۆلێکیشی تووشی تەنگەنەفەسی بوون".

کاروان عەلی گوتیشی، "لەوەند لەرووی تەندروستییەوە هیچ کێشەی نەبوو. نانی بەیانیی خواردووە و کاتێک بردمە قوتابخانە هیچ کێشەیەکی نەبوو، دواتر زانیم گیانی لەدەستداوە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رووداوەکە بەم شێوەیە روویداوە: ئەو مامۆستایەی وانەی هەبووە، بە قوتابییەکانی  گوتووە، من دەچمە ژووری بەڕێوەبەر دابنیشم، ئێوەش دەرگا مەکەنەوە. ئەوەی دەرگا بکاتەوە 10 نمرەی لێ دەشکێنم. سۆپایەکی گاز لە پۆلەکەدا بووە و دواتر گازی لێ چووە؛ بەشێک لە قوتابییان لە هۆش خۆیان دەچن و لەوەندی 12 ساڵ باری تەندروستی زۆر تێک دەچێت کە دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، گیان لەدەستدەدات.