جەیك سولیڤان: وەڵامی هێرش و هەڕەشەکان دەدەینەوە

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەك نییە ئێران سیاسەتی خۆی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان گۆڕیبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) جەیك سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، وەڵامی هێرش و هەڕەشەکان دەدەنەوە، هەروەها بۆردومانکردنی گرووپە چەکدارەکان هەڵمەتێکی سەربازی کراوە نییە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت: هیچ ئاماژەیەك نییە ئێران سیاسەتی خۆی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان گۆڕیبێت.

جەیك سولیڤان، گوتیشی: شەڕێکی فراوانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت. باسی لەوەشکرد، هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا تەنیا سەرەتان.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هێرشەکان کۆتایی نەهاتوون و بەنیازن هێرشی زیاتر ئەنجامبدەن و رێکاری زیاتر بگرنەبەر.

جەیك سولیڤان، جەخت لەوەشکردەوە، ئەمەریکا نایەوێت جەنگێکی فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێت، رژدیشە لەسەر ئەوەی هەر کاتێک هێرش بکرێتە سەر هێزەکانییان، ئەمەریکا وەڵامی دەبێت.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران و به‌هۆیه‌وه‌ پتر له‌ 40 چه‌كداری میلیشیاكان و هاووڵاتییان كوژران.

هەروەها هەمان رۆژ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی ئاسایش و بەرگری راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە رۆژئاوای وڵات بکەن و هەڵوێستە لەسەر وردەکانی شوێنە بەئامانجگیراوەکان بکەن و راپۆرتێکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردانی پێویست لەبارەیەوە.

پێشتریش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ سه‌ر پێگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراقدا كرد و داوای له‌ حكومه‌تی فیدراڵی كرد په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 18ـی ساڵی 2020ـی تایبه‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق.