چەکدار مزووری: ئەمساڵ نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لە دهۆک دەکرێتەوە

چەکدار مزووری، جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك
چەکدار مزووری، جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك، ئاماژە  بەوە دەکات، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری شێرپەنجە بۆ پارێزگاکانی کوردستان تەرخانکردووە.

چەکدار مزووری، جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئێستادا لە دهۆک تەنیا سەنتەرێک بۆ چارەسەری شێرپەنجە هەیە، بەڵام لە ناوەراستی ئەمساڵ بە فەرمی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لەو پارێزگایە دەکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك، ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی گرنگییەکی تایبەتی بە چارەسەری شێرپەنجە داوە بە تایبەت لە دابینکردنی ئامێر و دەرمان، لە ئێستا سەنتەرێک بۆ پێدانی چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشییە لە پارێزگای دهۆک هەیە.

چەکدار مزووری، گوتی: لە ئێستادا لە پاریزگای دهۆک زۆرینەی دەرمان و ئامێرەکانی تایەبت بە چارەسەری شێرپەنجە بەردەستن و بۆ لەمەودوا پێویست ناکات نەخۆشانی ئەم پارێزگایە بۆ چارەسەری روو لە دەرەوەی وڵات یاخوود شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن.

جێگری سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە دهۆك، گوتیشی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری شێرپەنجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.

چەکدار مزووری، باسی لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە کرد و ئاماژەی بەوەدا، پیسبوونی کەشوهەوا، خواردنی ناتەندروست، زیادبوونی کێش، وەرزش نەکردن، جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان، هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، (4ـی شوباتی 2024)، د. چنار سنجاوی، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ناوەندی کۆنتڕۆڵی جیهانی بۆ شێرپەنجەی لەژێر دروشمێک یادی رۆژی جیهانی شێرپەنجە دەکەنەوە، لە ساڵی 2022 کەمپینێکیان راگەیاند، بە ناوی پڕکردنەوەی کەلێنەکانی خزمەتگوزاری ئێمەش کەلێنی خزمەت پڕدەکەینەوە و ئاماژەمان پێکردووە لە دروشمەکاندا، بەڵام کەمپینەکە بۆ سێ ساڵە و هەر ساڵە و بە دروشمێک یادی دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارێک کە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێدا، لە ساڵی 2023، ئەوانەی تووشی شێرپەنجە بوون، لە پارێزگای هەولێر؛ 5456 کەس کە دەکاتە 55%. لە سلێمانی؛ 33% کەس واتە 3275 تووشبوو. لە دهۆکیش؛ 1180 واتە 12% کەس تووشبوو.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، کە لە ساڵی 2023، نزیکەی 147 منداڵ لە پارێزگای هەولێر تووشی شێرپەنجە بوون، لە سلێمانی 203 منداڵ و 69 منداڵیش لە پارێزگای دهۆک تووش بوون.

بە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەی شێرپەنجە بەرزبووەتەوە، کە لە ساڵی 2022 رێژەی شێرپەنجە 9061 تووش بوو هەبووە، بەڵام لەساڵی 2023 تووشبووی شێرپەنجە 9911 کەس بووە.