بەدرۆن هێرشکرایەوە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و 25 کوژراو و بریندار هەن

بنکەی سەربازانی ئەمەریکی لە کێڵگەی عومەر – دێرازۆر
بنکەی سەربازانی ئەمەریکی لە کێڵگەی عومەر – دێرازۆر

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەکوردستان24ی راگەیاند، گرووپی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەدرۆن هێرشی کردووەتەوە سەر کێڵگەی نەوتی عومەر لە سنووری دێرەزوور، کە بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکی تێدا جێگیرە.

رامی عەبدولڕەحمان ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشەکەوە پێنج چەکدار هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژراون و 20 چەکداری دیکەش برینداربوون.

گرووپی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرە بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکا لە ناو خاکی سووریا.

هێرشەکەی بەرەی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی، سێ رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دێت.

درەنگانی شەوی هەینی رابردوو هێزی ئاسمانی ئەمەریکا وەک تۆڵەکردنەوەی خوێنی سێ سەربازی ئەمەریکیی و برینداربوونی دەیان سەربازی دیکەی بنکەی تاوەر22 لە ئوردن، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا ئەنجامدا، بە گوێرەی ئاماری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە 30 خوولەکدا، 85 ئامانجیان لە حەوت دامەزراوە بۆمببارانکردووە، کە چوار لە سووریا و سێ لە عێراق بوون.