چالاکوانێک: پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ هاوڕێکانتان ئەنجام مەدەن

K24 - هەولێر

باندێکی لە یاسا دەرچوو کە زۆرینەیان هاووڵاتی عەرەبن دوای تۆمار کردنی ڤیدیۆی کەسانی دیکە هەڕەشە دەکەن و داوای پارە دەکەن، ئاسایشی هەولێر رێنمایی و هۆشداری دەدات، چالاکوانێکی ناو سۆشیال میدیاش ئەمە بە مۆتەکەی کۆمەڵگا ناوی دەبات، دەڵێت: "هۆشداری بڵاوبووەتەوە هاووڵاتییان نابێت متمانە بکەن"

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، محەممەد شێخە، چالاکوانی سۆشیال میدیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو باندانەی کە لە یاسا دەرچوون مەترسیدارن، رەنگە بە پێدانی ئەو بڕە پارەی کە داوای دەکەن ڤیدیۆکەش نەسڕنەوە، بۆیە دەمەوێت ئەو پەیامە بگەیەنم کە هاووڵاتییان نابێت متمانە بکەن، دەبێت لەو بێ ئاگاییە بێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە بەشێوەی باند کار دەکەن، رەنگە ئێمە نەتوانین شوێنی ئەوانە بدۆزینەوە یاخود ئەو جۆرە کەسانە لە خواری عێراق بن یاخود لە وڵاتانی دیکەی عێراق بن، یا لە هەر وڵاتێکی دیکە بن.

بە گوتەی ئەو چالاکوانەی سۆشیال میدیا: "ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئاگادارکردنەوەیە کە وریابن متمانە بە هیچ کەسێکی نەناسراو نەکەن". ئەوەی دەیکەن یەمجار؛ سەرەتا داخستنی پڕۆفایلەکانیانە، دووەمیان؛ پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ هاوڕێکانیان ئەنجام نەدەن، چونکە زۆربەی ئەو گروپ و باندانە لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، ئەوەی متمانە دەکات دەبێتە قوربانی دەستی ئەو باندە.

هاووڵاتییەک تەنیا بە کورتە نامەیەک کەوتووەتە داوی ئەو جۆرە کەسانە و دەڵێت: بەهۆی حەزێکەوە کەوتمە داوی ئەو جۆرە کەسانە و تێکەوتم، ئێستا داوای پارەیەکی زۆرم لێدەکەن.