10 پۆلیس لە هێرشێکی چەکداریدا لە پاکستان کوژران

ژمارەیەک پۆلسی پاکستان لە کاتی ئەرکدا. (وێنە: ئاژانسی فرانس پرێس)
ژمارەیەک پۆلسی پاکستان لە کاتی ئەرکدا. (وێنە: ئاژانسی فرانس پرێس)

K24 - هەولێر

لە هێرشێکی "تیرۆریستیدا" بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس، لە باکووی پاکستان، 10 ئەفسەر کوژران. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە چەند رۆژی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 05-04-2024، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس، لە باکووی پاکستان، 10 ئەفسەری پۆلیس کوژران. بەرپرسانی ناوخۆش دەڵێن، "هێرشەکە تیرۆرستی بووە". هێرشەکە بۆ سەر بنکەی پۆلیسی چاوزوان بووە لە قەزای دێرە ئیسماعیل خان لە باکووری وڵاتەکە.

هێرشەکە لە کاتێکدا دێت کە چەند رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنە گشتیەکانی پاکستان. هاوکات لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر کاندیدان و بارەگای پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە.

بەرپرسی پۆلیسی خەیبەر پەختونخوا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "30 تیرۆریست" لە سێ لاوە هێرشیانکردووەتە سەر بنکەی پۆلیس و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو رووبەرووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و چەکدارەکاندا روویداوە.

10 ئەفسەری پۆلیس لە هێرشەکاندا کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون، بە گوتەی بەپرسەکە، هەروەها چەکدارەکان بۆ ماوەیەکی کەم توانیوانە دەست بەسەر بنکەکەدا بگرن.

ئەو ناوچەیەی کە هێرشەکەی تێدا روویداوە چەندین جار هێرشی چەکدارانی تالیبانی پاکستان و دەوڵەتی ئیسلامی و گرووپی چەکداری دیکەی بەخۆیەوە بینیوە بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەت.

هەفتەی رابردوو، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر دامەزراوەیەکی حکومی لە باشووری رۆژئاوای پاکستان، 24 چەکدار کوژران. چوار ئەندامی هێزە ئەمنیەکان و دوو هاوڵاتی مەدەنی دیکەش لە هێرشەکان و ئۆپەاسیۆنەکاندا کوژران. سوپای ئازادی بەلووجستان دواتر بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.

بڕیاروایە رۆژی پێنجشەممە، 08-04-2024، پاکستانییەکان برۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بەڕێوەدەچن.