بەڕێوەبەری کاری هەولێر: مۆڵەت و پێناسە بۆ کرێکار دروست دەکرێت

کرێکاری بیانی
کرێکاری بیانی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری کاری هەولێر رایگەیاند، هەر خاوەن پڕۆژەیەک مۆڵەتی کارکردنی کرێکاری نەبوو، رووبەرووی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، فەرید عەلی، بەڕێوەبەری کاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری ژمارە  172ـی ساڵی 2022 کە بڕیار درا، هەر خاوەن پڕۆژەیەیک کار بە کرێکاری بیانی دەکات، مەرجە لە 75% کرێکارەکان خۆماڵی بێت، 25% بیانی بێت.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "لە ساڵی 2023 دووجار درێژکردنەوەی بۆ ئەو بڕیارە کرا، درێژکردنەوەکانیش بۆ ئەوە بوو کە شوێنانەی پڕۆژەی لێدەکرێت خۆیان بگونجێنن، بەڵام لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2024، ئەو بڕیارە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەر ئەوەی بڕیارە، ئێمە وەکو خۆی جێبەجێمان کردووە، دەستمان بە پێدانى مۆڵەتى کار بۆ کرێکارانى بیانى کردووە، واتا مۆڵەت و پێناسە بۆ کرێکار دروست دەکرێت، کە لە شوێنی مۆڵەتدار کاردەکەن.

فەرید عەلی راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە سوودی کرێکاری خۆمانە، لەبەر ئەوەی هەر شوێنێک کە کار بە کرێکاری بیانی دەکات، دەردەکەوێت کە چەند کرێکار کار لەو شوێنەدا دەکات، دەبێت لە چوار کرێکار سیانیان خۆماڵی بێت یەکیان بیانی بێت.

گوتیشی، "مۆڵەتەکەش بۆ ئەوەیە ئەو کرێکارەی کە مۆڵەتی نەبێت مافی کارکردنی نابێت".

لەلەیەکی دیکەوە ئەو بەڕێوەبەرە داواشی دەکرد ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە کار دەکەن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن، بۆ مۆڵەتی کار بۆ کرێکارەکانیان، چونکە هەر کاتێک لیژنە سەردانی هەر پڕۆژەیەک بکات و کرێکارەکان مۆڵەتییان نەبێت خاوەن پڕۆژە بەرپرسیار دەبێت و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.