بەرپرسانی ئەمەریکا بەڵێن دەدەن تۆڵە لە گرووپە چەکدارەکان بکەنەوە

کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بەڵێنی بەردەوامی بە هێرشەکانیان دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەدەن. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی ببێتە شوێنی یەکلایکردنەوەی ململانێی زلهێزەکان.

بۆردوومانکردنی 85 ئامانج و کوژرانی نزیکەی 35 کەس لە عێراق و سووریا ئاگری توڕەیی ئیدارەی بایدنی خامۆش نەکرد. بەپێچەوانەوە واشنتن بەڵێنی هێرشی زیاتر بۆسەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران عێراق و سووریا دەدەن.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشکردنەسەر پێگەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق  و سووریا بەردەوامیان دەبێت و بەمزووانە کۆتایی نایەن. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتیشی، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای شەڕەوە نین.

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتی، "باسی ئەوەناکەم لەرووی سەربازییەوە بڕیامانداوە چی بکەین و چین نەکەین، بەڵام سەرۆک بایدن سوورە لەسەر ئەوەی هەر هێرشێک بۆسەر خەڵکەکەمان بەتوندی وەڵامبداتەوە. ئیدارەی بایدن بەدوای شەڕەوە نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەڵامەکانمان دەستیانپێکردووە و بەردەوام دەبن".

لەلایەکی دیکەوە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاری هێرشکردنە سەر بارەگای میلیشیاکانی بەنامە ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە. لەنامەکەیدا ئاماژە بەوەدەدات، بۆردومانەکانیان لە عێراق و سووریا ئامانج لێی بەرگریی لەخۆکردن بووە. هێرشەکانیشیان بووەتە هۆی لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپانە.

بایدن جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەگەر پێویست بکات رێکاری دیکە دژی سوپای پاسداران و دارودەستەکانیان دەگرنەبەر.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە راگەیەندراوێک رەتیدەکاتەوە وڵاتەکە ببێتە شوێنێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی هێزە ناکۆکەکان لە ناوچەکەدا. سووربوونی خۆشی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو راوێژکارانەی بۆ هاوکاریکردنی عێراق هاتوون دووپاتدەکاتەوە.

هەرچەندە بەغدا بەردەوامە لە سەرکۆنەکردنی دەستدرێژی بۆسەر سەروەرییەکەی، بەڵام بەسەرنجدان لەسەر قسەکانی گەورە بەرپرسانی کۆشکی سپی پێناچێت ململانێی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ ئەمەریکا و بۆردوومانکردنی پێگەکانی یەکتر لەناو خاکی عێراقدا بەمزووانە کۆتایی بێت.