کۆچکردنی پزیشکانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کردووە

K24 – هەولێر

دیاردەی کۆچکردنی پزیشکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریی و قەیرانی دارایی بۆ دەرەوەی وڵات بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیاتر پەرەی سەندووە، ئەگەرچی حکومەتی ئێران خۆی لە ئاشکراکردنی ئامارێکی راست و دروست دەدزێتەوە، بەڵام رۆژنامەی ئیعتماد لە چاپی ئەمڕۆیدا، لە سەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج ساڵی رابردوودا تاوەکوو ئێستا لێشاوی کۆچی پزیشک و پەرستاران بەڕێژەی 200% زیادی کردووە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی، بڕوانامەی دەرچوون و پشتڕاستکردنەوەی زانستی لە سەرتاسەری جیهان مەرجێکی سەرەکی پێدانی دەرفەتی کارو خزمەتکردنە لە کەرتی تەندروستی، هەربۆیە پزیشک و پەرستارەکان و دەرچووانی بەشە زانستەکانی دیکەی پزیشکی داوای پشتگیری لە سەندیکای پزیشکان دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی2018، پێدانی بەڵگەی پەسەندکراو لەلایەن سەندیکای پزیشکانی ئێران بەپزیشکانی پسپۆر، خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر، دەرمانساز و پەرستارەکان هەشت هێندەی پێشوو زیادی کردووە، هەرچەندە لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کەرەنتیە لە سەرتاسەری وڵات، داواکاری پشتگیریکردنی پزیشکەکان بە رێژەی 8% کەمیکردبوو، بەڵام لە ئاداری ساڵی 2022 زیاتر لە چوار هەزار و لە ئاداری ساڵی 2023یش زیاتر لە شەش هەزار پزیشک داوای پشتگیریان کردووە، پێشبینیش دەکات لە نیسانی 2023 تاوەکوو ئاداری 2024 ژمارەکە بگاتە 10 داواکاری.

هەروەها سەرەکیترین هۆکاری کۆچکردنی پزیشک و پەرستارەکانی ئێران گەڕاندووەتەوە بۆ پرسی ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتی.