قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن تاووتوێكرا

ئاڵای كوردستان و ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای كوردستان و ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەرکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر تاووتوێی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن و هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ جیاوازه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن.

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەمڕۆ 5ـی شوباتی 2024 فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێكدا بەرنامە و پلانی داهاتووی هاوبەش و گرنگی دان بە بنکەکانی مەشق و ڕاهێنان، دواین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرانە بەرباس.

 لەتەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لەیاداشتنامەكه‌ کرد و هاوڕا بوون لە سەر جێبەجێکردنی برگەو خاڵەکانی.

سەرۆکی ئەرکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیکردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بە ئەنجام دەگەینن. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌).

رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سێلیست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یاداشتنامەکە واژۆکرا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی یاداشتنامه‌كه‌ پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو، سیلێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد، بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

ساڵی 2016 بۆ یەکەمجار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەو دوو وەزارەتە واژۆکرا و سەبارەت بەوە، سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەی خستبووه‌ڕوو، ئەم یاداشتنامەیە رەنگدانەوەی هەماهەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

6578