هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی لە بەدلیسی باکووری کوردستان قەدەغەکرا

شاری بەدلیسی باکووری کوردستان
شاری بەدلیسی باکووری کوردستان

K24 – هەولێر:

بە بڕیارێکی پارێزگاری شارەکە، هەموو جۆرە چالاکییەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێپێوان و کۆنفرانسی رۆژنامەوانی لە بەدلیسی باکووری کوردستان بۆ ماوەی پێنج رۆژ قەدەغەکرا.

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) پارێزگای بەدلیس لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەمەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە کردەوەیەکی تێکدەرانە، ئەنجامدانی چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک خۆپیشاندان، کۆبوونەوە، کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، رێپێوان و کۆکردنەوەی واژۆ قەدەغەکراون.

بڕیارەکە لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و تا 9ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و هاوکات ئاماژە بەوەشدراوە، لەو ماوەیەدا هەوڵ دەدرێت ئاسایشی گشتی پارێزگاکە بپارێزرێت و رێگری لە هەر کردەوەیەک دەکرێت کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی.

ئەم راگەیەندراوەی پارێزگای بەدلیس دوای ئەوە هات، کە بانگەواز لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان بڵاوکرایەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبارەی داواکاری بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنە سیاسییەکان لە خۆئامادەکردنن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە وابڕیارە لە 31ـی ئاداری داهاتوو لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت و لەم هەڵبژاردنەشدا، دەم پارتی بڕیاریداوە بە سەربەخۆ کاندیدی بۆ شارەوانییەکان هەبێت، بەتایبەتی لە ئیستانبوڵ لەگەڵ جەهەپە نەگەیشتنە رێککەوتن.