پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن

K24 – واشنتن:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاماژەی بەوەدا، لە پاراستنی هێزەکانمان بەردەوام دەبین، هەر هەڕشەیەک هەبێت بۆ سەر هێزەکانمان بە دڵنیاییەوە وەڵامممان دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە و لە پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە بەردەوام دەبن.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، راشیگەیاند، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانمان بەرەی مقاوەمە لە عێراق بەرپرس بوون لە هێرشکردنە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن، هەروها ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لە هەر ناوچەیەک بێت بە دڵنیاییەوە وەڵاممان دەبێت.

پات رایدەر، دەڵێت: لەگەڵ هاوبەش عێراقییەکانمان لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەین و لە راوێژی بەردەوام داین لەگەڵیان.سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هیچ شتێک نییە لەبارەی زیادکردن و کەمکردنەوەی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی ئێمە ئەوە نییە کە شەڕەکە فراوان بێت و ناوچەکە بگرێتەوە، نامانەوێت لە عێراق و سووریا لەگەڵ ئێراندا بکەوینە شەڕەوە، جونکە ئامانجی ئێمە لەو ناوچانەدا رووبەڕووبوونەوەی داعشە.

پات رایدەر، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هێرشەکان کۆتاییان نەهاتووە، هەروەها ئێمە لە عێراق هێزە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بە ئامانج ناگرین، تەنیا هێرش دەکەینە سەر گرووپە چەکدارانەی کە بە بنکە و بارەگاکانمان بە ئامانج دەگرن.

پات رایدەر، لەبارەی حووسییەکان گوتی: مەبەستمانە توانا سەربازییەکانیان کەم بکەینەوە، 14 هێرش لەلایەن ئەمەریکاەوە بۆ مەبەستی بەرگریکردن لەخۆمان ئەنجامدراوە، توانیومانە توانا سەربازییەکانیان تێکبشکێنین، بۆ ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان بوەستێنن.