رۆزێمێری دیکارلۆ: داوا دەکەین ئەنجوومەنی ئاسایش هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بێت بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رۆزێمێری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
رۆزێمێری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 160 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، هاوکات داوا دەکەیەن ئەنجوومەنی ئاسایش هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بێت بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) رۆزێمێری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 160 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەدا، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەی گرووپە چەکدارەکان خەڵکی سڤیڵ بە ئامانج نەگیراون تەنیا ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان بە ئامانج گیراون.

رۆزێمێری دیکارلۆ، گوتی: عێراق بەردەوام پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناو ئەو وڵاتە، بەڵام هەندێک لە میلیشیاکان دەڵێن بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەریان لە ناوچەکە.