ترەمپ داوایەک لە بایدن دەکات

هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا
هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، دەیەوێت دەستبەجێ لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا دیبەیت ئەنجامبدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6می شوباتی 2024، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە بەرنامەیەکی رادیۆییدا رایگەیاند، "پێم خۆشە ئێستا دیبەیتێک لەگەڵ جۆو بایدن بکەم، چونکە دەبێت دیبەیتێکمان هەبێت، بۆیە داوای لێدەکەم لە پێناو وڵات دیبەیتێک بکات".

بۆ وەڵامی داواکەی ترەمپ رۆژنامەنووسان پرسیاریان لە جۆو بایدن کرد، بایدن کە سەر بە پارتی دیموکراتە، گوتی "ئەگەر من لە شوێنی ئەو بومایە، منیش دەمویست دیبەیتێ بکەم، بەڵام من هیچم نییە، بۆ كردنی دیبەیت."

ترەمپ ئەگەری زۆرە لە کێبڕکێی پارتی کۆمارییەکان بۆ رکابەری بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 5ـی ئەم مانگەدا سەرکەوێت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری لەسەر کاندیدکردنی نەدراوە. هەروەها نیکی هێلی رکابەرە کۆمارییەکەی ترەمپ داوای کرد کە ترەمپ دیبەتێکی لەگەڵ ئەنجامبدات، بەڵام ترەمپ رەتیکردەوە.

لە وەڵامی رەتکردنەوەکەی ترەمپ، کەمپەینی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هێلی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ترەمپ "زۆر ترسنۆکە".

هێلی، پارێزگاری پێشووی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور و باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردەمی ترەمپ، لە راپرسییەکانی بیروڕادا لە دوای ترەمپ پلەی دووەمە، بەڵام بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە رکابەری ترەمپ بۆ کاندیدکردنی کۆمارییەکان.

ترامپ و بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دوو دیبەیتیان ئەنجامدا، دیبەیتی سێیەمیش هەڵوەشایەوە ئەمیش دوای ئەوەی ترەمپ تووشی نەخۆشی Covid-19 بوو، رەتیکردەوە لە دوورەوە بەشداری دیبەیتێکی مەجازی بکات.

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوەبچێت، کە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کێبرکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.