ساڵێک بەسەر بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان تێدەپەڕێت

ساڵێک بەسەر بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان تێدەپەڕێت  (وێنە: AFP)
ساڵێک بەسەر بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان تێدەپەڕێت (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

ساڵێك بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا تێدەپەڕێت، كە باكووری كوردستان و توركیای ھەژاند. ئەوانەی رزگاریان بووە 6ـی شوبات بە "رۆژە شوومەکە" ناودەبەن. بە تایبەتی ئەو کاتەی هاوار و ناڵەی خەڵکیان لە ژێر داروپەردووی ماڵە رووخاوەکاندا دەبیست و هیچیان پێنەدەکرا.

ساڵێك بەسەر بوومەلەرزەکەی باكووری كوردستان و توركیا تێدەپەڕێت، بەڵام ئازارەکان هەر تازەن. نەسرین قایا رزگاربووی بوومەلەرزەکەیە؛ لە ماوەی یەک ساڵدا توانیویەتی زاڵبێت بەسەر هەموو ئەو شتانەی کە لە دەستی داوە. ئەو ژیانێکی تازەی دەستپێکردووە و دوکانێکی بچووکی کردووەتەوە، خواردن دروستدەکات و دیفرۆشێت بەو کەسانەی لە ماڵەوە داوای خواردن دەکەن. باسی ئەو شەوە دەکات کە لەگەڵ منداڵەکانی خۆیان رزگارکرد و لەبەر چاوی خۆی ماڵەکەی دادەڕمێت و هەموو شتێک لەدەستدەدات.

نەسرین باس لەوە دەکات، "باران دەباری، هەورە تریشقەو بوو، سەرما بوو، ده‌ترسام. سەیری ماڵەکەمم کرد دیوارەکان رووخان، باڵکونەکە کەوتە خوارەوە، پەنجەرەکان شکان و دیوارەکان تەقین. پەردەکانم با بردی منیش سەیری هەموو ئەمانەم دەکرد. لەگەڵ دوو کچەکەم تا کاتژمێر 10 لە ناو ئۆتۆمبێل ماینەوە. کارەبا نەبوو، هێڵی موبایل نەبوو، بە ناچاری بەرەو گوندی ماڵی باوکم رۆیشتین لە رێگا بەنزین تەواو بوو و لەوێ توانیم پەیوەندی بکەم بە زاویەکمان. گوتی بوەستە من بەنزینت بۆ دێنم، کاتێک گەیشتە لامان ویستمان بەنزین بکەینە ئۆتۆمبێلەكەمان لە ناو ماڵە رووخاوەکانەوە دەنگی هاواری خەڵک دەهات تا رزگار بکرێن. ئەو کاتەم قەت لە بیر ناچیت ئێستەش گوێم لە دەنگیانە، بەڵام نەمتوانی هیچ بکەم".

نەسرین پێشتریش لە شاری هاتای خواردنگەی هەبووە، بەڵام بوومەلەرزەکە هیچ شتێکی بۆ نەهێشتووەتەوە. دوای ئەوی دێتە ئەنقەرە بۆ ماوەیەکی زۆر تووشی خەموکی دەبێت لە گەڵ کەس قسە ناکات، خۆشکەکەی بە هەموو ھاوڕێ و ناسراوەکانی دەڵێت "تکایە یارمەتی خۆشکەکەم بدەن و داوای لێبکەن خواردنتان بۆ دروست بکات ئەو چێشلینەرێکی باشە من خۆم پارەکەی دەدەم ئێوە تەنها داوا بکەن".

نەسرین ئاماژە بەوەش دەکات، "ماوەیەکی زۆر لە ماڵی خۆشکەکەم بووم هیچ قسەم نەدەکرد تەنها سەیری خەڵکم دەکرد. خوشکەکەم بەرێوەبەری قوتابخانەیە لە رێگەی واتساپەوە گروپێکی دانابوو و باسی منی کردبوو بۆ هاوکارەکانی و داوای کردبوو یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ژیانی ئاسایی و داوای خواردن بکەن، منیش بۆیان دروست بکەم. تەنانەت گوتبووی پێویستیشتان نەبوو هەر داوا بکەن خۆم پارەکەی دەدەم. من ئەمانەم تازە زانیوە کە خوشکەکەم چۆن یارمەتیداوم. لە ماوەی 15 رۆژدا دەستم بە ژیانی خۆم کردەوە، تا وایلێهات ئەم دوکانەم دانا".

بەشێکی زۆری رزگاربووانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات ئاوارەی شارەکانی دیکەی تورکیا بوون و دوای ساڵێک هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شۆێنی خۆیان، بەشێکیشیان نایانەوێت بگەڕێنەوە و کارەساتەکەیان بە بیربێتەوە.