جەوهەر رەسوڵ: بەهۆی بەفر بارینێکی زۆرەوە جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە مەرزی کێلێ وەستاوە

جەوهەر رەسوڵ
جەوهەر رەسوڵ

K24 - هەولێر

لە مەرزی کێلێ کە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ 48 کاتژمێر دەچێت بەفر جموجۆڵی بازرگانی وەستاندووە.

جەوهەر رەسوڵ، بەرێوەبەری گومرگی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆش بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە بەتەواوەتی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لەو مەرزە وەستاوە، گوتیشی: ئێمە لەلای خۆمانەوە رێگاکەمان پاککردووەتەوە، چونکە ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، پاککردنەوە و راماڵینی بەفر دراوەتە کۆمپانیایەک، کە هەمیشە ئامێری پێویستی لێیە بۆ پاککردنەوە، بۆیە ئێستا گەیشتوونەتە خاڵی سفری پاککردنەوەی مەرزەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیوی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەچێت رێگا نەبووە و هۆکارەکەش ئەوان بوون کە رێگاکەیان پاک نەکردووەتەوە، چونکە لە دیوی ئێران بەفرێکی زۆر باریووە، دەشڵێت: لەخاڵی سفری ئەودیو ئێستا زیاتر لە یەک مەتر و نیو بەفر باریووە.

جەوهەر باسی لەوەشکرد، ئێمە لەگەڵ قایمقامی قەڵادزێ و ئیدارەی راپەڕین هەماهەنگیمان لەگەڵ فەرماندار و بەرێوەبەری گومرگی سەردەشت هەیە، کە پەیوەندیمان پێوە کردوون دەڵێن خەریکین بەڵام بەفرەکە زۆرە بۆمان پاکناکرێتەوە.

جەختیکردەوە، بەیانی جوڵەی بازرگانی دەستپێدەکاتەوە، هەروەها کارمەندانی ئێمەش لە ئەرکی خۆیان بەردەوامن و لەمەرزەکە دەوام دەکەن.